zagros news agency

حەلبووسی لە ئەنقەرەوە: پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەین و بەردەوامین لە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق

 

سەرۆکی ئۆنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەیبەت حەلبووسی، ستایشی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و ڕۆڵی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی کرد لەو بوارەدا، هاوکات جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارانی عێراق لە پرۆسەی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان.

ئەم هەڵوێستەی حەلبووسی لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا هات لەگەڵ نەعمان قورتولموش، هاوتا تورکییەکەی، لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەنقەرە.
حەلبووسی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ڕێکارانەی حکومەتی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتیدا گرتوویەتیە بەر و ڕاگەیاندنی «تورکیا بە بێ تیرۆر»، هەنگاوێکی زۆر گرنگن بۆ ئەو وڵاتە و وڵاتانی دراوسێشی.
دەستخۆشی لە ڕۆڵی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ پەسەندکردنی یاسایەک کە چوارچێوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و داماڵینی چەکەکانیان دادەنێت.
دۆخی ناوخۆی عێراق و کۆنترۆڵکردنی چەک:
سەرۆکی ئۆنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی عێراق کرد و گوتی: «لە عێراق ڕێکاری کردەییمان گرتووەتە بەر لە چوارچێوەی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و بەهێزکردنی سەروەرییەکەی لەم بوارەدا.»
جەختیشی کردەوە کە سەرجەم لایەن، پارتی و کتڵە سیاسییەکانی عێراق پشتگیری لەو ڕێکارانە دەکەن کە دەبنە هۆی کۆتاییهێنان بە بوونی تیرۆر و دیاردە چەکدارییەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، و ئەم هەنگاوەی بە گرنگ زانی بۆ جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق، تورکیا، ئێران و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا.
هەڵوێستی لایەنی تورکی:
لە بەرامبەردا، نەعمان قورتولموش هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە ڕەوتی «تورکیا بە بێ تیرۆر» کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سەرانسەری ناوچەکە هەبێت و عێراقییەکانیش لە دیاردەی تیرۆر ڕزگار ببن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بیتکۆین هێڵی 65 هەزار دۆلار دەبەزێنێت

سەڵاح

لە سعوودیە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە

یاسین

ئەمەریکا دۆزینەوەی تەرمی سەرجەم قوربانیانی فڕۆکەکانی ڕاگەیاند

سەڵاح