فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات کە شارەکان و دامەزراوە ئابوورییەکانی چەند شارێکی شانشینى عەرەبستانی سعوودیەیان کردە ئامانج، کە بەهۆیانەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی بریندار بوون، بەتایبەتی ژن و منداڵ.
حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی تەواو لەگەڵ شانشینی سعوودیە و گەلەکەی، بە توندی بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی، یان هەر کارێک کە ژیانی بێتاوان بخاتە مەترسییەوە ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئەو جۆرە کارانە پێچەوانەی بەها مرۆییەکانن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاشتی و گفتوگۆ باشترین ڕێگاچارەن بۆ چارەسەری قەیران و ناکۆکییەکان، بەردەوامبوونی توندوتیژی و پەرەسەندنی گرژییەکان، تەنیا دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی گەلان دەبێت.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

