سیاسهتمهدارێك له ئهمهریكاوه لهبارهی شۆرشی ئهیلوول بۆ زاگرۆس دهنووسێت: “وەک وەفادارییەک بۆ ڕێبازی پیرۆزی ئەیلوول و شانازی بوون بە بەها و میراتە نەتەوەییەکەی، لە (٦٥)ەمین ساڵیادی ئەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، بە پێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر قووڵایی ڕەهەندە نەتەوەیی و ستراتیژیەکانی ئەم شۆڕشە مەزنە.شەش دەیە و پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١دا، چەرخی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستی ژەنەڕاڵ و ڕابەری نەتەوەیی، بارزانی نەمر، بە ئاراستەی سەرفرازی و داماڵینی تەوقی ژێردەستیدا وەرچەرخا.
ئیسماعیل سيرينی لهئهمهریكاوه بۆ زاگرۆس دهڵێت: “شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پەرچەکردارێکی سەربازیی کاتی یان وەڵامدانەوەیەکی سادە نەبوو بەرامبەر پاشگەزبوونەوە و بێبەڵێنیەکانی سەرکردایەتی ئەوسای کۆماری عێراق، بەڵکو ڕاگەیاندنی زایەڵەی بوونی نەتەوەیەک، زیندووبوونەوەی خەیاڵدانی سیاسی کورد و ژیانەوەی کۆمەڵگەیەکی زوڵم لێکراو بوو.ئەیلوول ڕێبازێکە کە پێناسەی پەیوەندی تاکی کوردی لەگەڵ خاک، ئازادی و دەستەڵاتدا سەرلەنوێ داڕشتەوە. ئەگەر تا پێش ئەو بەروارە، دۆزی ڕەوای کورد وەک “کێشەیەکی ئەمنی یان ڕەنجەڕۆییەکی خێڵەکی” لە ناوەندەکانی بەغدا سەیر کرابێت، ئەیلوول ئاراستەی هاوکێشەکەی گۆڕی و دۆزی کوردی کردە کرۆکی هاوکێشەی دەوڵەتداری لە عێراقدا.
گوتیشی: “شۆڕشی ئەیلوول نایابترین داڕشتنەوەی پێکهاتەی هۆشیاری نیشتیمانی بوو، توانی پێنج جۆر لە سەرمایەی مرۆیی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی یەک سوپای یەکگرتوودا تەبا بکات:یەکەم/ تێکۆشەرانی خاوەن ئەزموون: هەڵگرانی ئەزموونی جەنگی دژوار و تەکتیکی پۆڵایینی بەرگری کە ئیرادەیەکی نەبەزیویان هێنایە ناو سەنگەرەکان.دووەم/ ئەفسەرە بەئەمەک و نیشتبمانپەروەرەکان: پسپۆڕانی ڕێکخستنی سەربازی، تۆپخانە و نەخشەسازی کە زانستی سەربازییان تێکەڵی خەباتی رزگاریخوازی کرد.سێیەم/ لاوان و ڕۆشنبیرانی شار: کوڕان و کچانی خوێندەوار کە هۆشیاری سیاسی و کارگێڕییان هێنایە ناو ئەشکەوت و گوندە ئازادکراوەکان.چوارەم/ جوتیاران، هاونیشتیمانییان و سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگە: بڕبڕەی پشتی ڕاستەقینەی ڕەنج و خەبات بوون، کە بە نانی سەر سفرە و پشتیوانی بەردەوامی ماددی و گیانیی خۆیان، شۆڕشەکەیان بە زیندوویی و پۆڵایینی ڕاگرت.پێنجەم/ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان: بەشداری برایانە و شانبەشانی پێکهاتەکانی مەسیحی، ئێزیدی، تورکمان و کلدانی – ئاثووری، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەوە بوو کە ئەیلوول ماڵێکی گەورەی نیشتیمانی بوو بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و تەواوی خاک و خەڵکی کوردستان.
ئهوهشی خستهروو: ئەم پێکەوەبوونە بێوێنەیە، شۆڕشی لە دەستەیەک تێکۆشەر و ئازادیخوازەوە گۆڕی بۆ “لەشکری ڕزگاریی کوردستان”، هێزێک کە ژمارەی گەیشتە زیاتر لە چەندین هەزار پێشمەرگەی ڕێکخراو و توانی بەشی هەرە زۆری خاکی کوردستان لەژێر دەستەڵاتی داگیرکەر ئازاد بکات.
ڕەهەندی ئەخلاقی و ڕۆحی شۆڕش لە فیگۆری بارزانی نەمردا کۆدەبووەوە. مۆدێلێکی نوێ لە ڕابەرایەتیکردن پەرەی سەند، ڕابەرێک کە لە پێشەوەی سەنگەرەکاندا لەگەڵ پێشمەرگەدا نانی ڕەقی بەش دەکرد. لە شۆڕشی ئەیلوولدا دەستەواژەی “پێشمەرگە” بە ڕەسمی هێنرایە ناو فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد، بەمەش جەنگاوەری کورد بووە هێمایەکی جیهانی بۆ بەهای ئازادی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
ئهو سیاسهتمهداره پێشی وایه ئەیلوول، توانی هێزی سەربازی بباتە سەر مێزی گفتوگۆ.. بەیاننامەی مێژوویی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، یەکەمین بەڵگەنامەی فەرمی و دەستووری بوو لە سەدەی بیستەمدا کە تێیدا ناوەندی دەستەڵات لە بەغدا ناچار بوو دان بە بوونی نەتەوەیی، جوگرافیایی و مافی حوکمی زاتی گەلی کورددا بنێت.شۆڕشی ئەیلوول زمانی کوردی کردە زمانی فەرمی خوێندن و کوردی وەک هاوبەشی ڕاستەقینە لە ووڵاتدا ڕسکاند. ئەگەر ئەم دەستکەوتانە نەبوونایە، هیچ بنەمایەک بۆ راپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١و جێگیرکردنی سیستمی فیدراڵی لە دەستووری نوێی عێڕاقدا دروست نەدەبوو.
باسی لهوهشكرد مێنتاڵیتی و میراتی ستراتیژی ئەم شۆڕشە تەنها لە کایەی سیاسیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو لەلایەکەوە ڕەهەندی دەستووری و سیاسی وەک بەیاننامەی ١١ی ئادار، دانپێدانانی فەرمی بە ئۆتۆنۆمی، فەرمیکردنی زمان، بوژاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و دروستکردنی هەوێنی قەوارەی فیدراڵی ئێستای چەسپاند، لەلایەکی ترەوە ڕەهەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ڕێکخستەوە کە بریتی بوون لە چەسپاندنی چەمکی پیرۆزی “پێشمەرگە”، بەدیهێنانی یەکڕیزی نیشتیمانی و بەڕێوەبردنی ئەخلاقیانەی جەنگ.کاتێک سەرۆک مەسعود بارزانی باسی گەورەیی و قارەمانێتیەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەکات، ئاماژەیە بۆ تێکشکاندنی مەحاڵ بە دەستی مرۆڤی کورد. ئەیلوول فێری کردین کاتێک ئیرادەی نەتەوەیی یەک دەگرێت، نە تۆپی دوژمن و نە پیلانگێڕی ئیقلیمی ناتوانن ئومێد و بڕوا بەخۆبوون لە ناخی نەتەوەیەکدا بکوژن.نسکۆی ١٩٧٥ تەنها وەستانێکی کاتی تەکتیکی و بڕيارێکی حەکيمانەی ڕابەر و سەرکردايەتی شۆڕش بوو، چونکە ئەو تۆوەی ئەیلوول چاندبووی، ڕەگی داکوتابوو بە قووڵایی خاکی کوردستاندا و لە شۆڕشەکانی دواتر و ڕاپەڕینی ١٩٩١دا جارێکی تر چەکەرەی کردەوە.
سیرینی دهشڵێت: “ئەمڕۆ لە (٦٥)ەمین ساڵیادی کڵپەسەندنی ئەم وەرچەرخانە مەزنەدا، قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، سوپای ڕێکخراوی پێشمەرگە و پێگەی دیپلۆماسی کوردستان لە جیهاندا، هەموویان بەرهەمی ڕاستەوخۆ و درێژکراوەی ئەو بیرۆکەیەن کە بارزانی نەمر و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانی لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١دا بنەمایان بۆدانا.شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەکردنی وەفاداری و یەکڕیزی و پەیمانێکە بۆ پاراستنی شکۆی هەرێمی کوردستان لەژێر ڕێبەرایەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیدا.

