بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، باسی نیشتەجێبوونی هەمیشەییی مرۆڤ لەسەر مانگ و دروستکردنی شارە گەورەکان بەم نزیکانە روونادات؛ ئاستەنگی سەرەکی لەم ڕێگەیەدا کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو و بەفری سەر ڕووی مانگە کە بەشی شارێکی گەورە ناکات.
ئەم توێژینەوەیە لەلایەن «مەڵبەندی فیزیای بەردینی هارڤارد-سمیتسۆنیان» (CfA) بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی «هیچ شارێک لەسەر مانگ نییە».
لە توێژینەوەکەدا خوێندنەوە بۆ بڕی پێویستی ئاو و سەرچاوەی وزە کراوە بۆ نیشتەجێکردنی ۱۰۰ هەزار تا ۱ ملیۆن کەس لەسەر مانگ، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی توانای مانەوەیان لەسەر بنەمای بەردەوامیی سەرچاوەکان.
سەرچاوەکانی ئاو لەسەر مانگ لەناو چاڵە قووڵ و سێبەردارەکانی جەمسەرەکاندا بە شێوەی بەفر کۆبوونهتەوە.
مارتین ئالویس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە باسی لەوە کردووە ئەگەر شارێک ۱ ملیۆن دانیشتووی هەبێت و هەر کەسێک ساڵانە ٥۰۰ تۆن ئاو بەکاربهێنێت، ئاوی سەر مانگ لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا تەواو دەبێت.
بە بەکارهێنانی سیستەمی دووبارە پاڵاوتنی ئاو بە ڕێژەی ۹۸٪ (هاوشێوەی وێستگەی بۆشاییی نێودەوڵەتی ISS)، ۱ ملیار تۆن ئاوی مانگ تەنها دەتوانێت ۱۰۰ ساڵ بەشی شارێکی ۱ ملیۆن کەسی بکات.
بۆ ئەوەی نیشتەجێبوون لەسەر مانگ بە شێوەیەکی بەردەوام بمێنێتەوە، پێویستە ژمارەی دانیشتووان تەنها لە چوارچێوەی ۱,۰۰۰ کەسدا سنوردار بێت (واتە گوندێک لەسەر مانگ، نەک شارێک).
بە پێچەوانەی ئاوەوە، دابینکردنی وزە لەسەر مانگ کێشە دروست ناکات؛ بەهۆی بوونی ناوچەی بەرزی ڕووناک لە جەمسەرەکاندا کە خۆر تێیاندا زۆر بە دەگمەن ئاوا دەبێت.
دروستکردنی تاوەری بەرز بە بڕی ۱ کێلۆمەتر کە پەڕەی وزەی خۆریان پێوە بێت، دەتوانێت ۳ گیگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.
هەروەها نێزیکەی ۲۰٪ی ڕووی مانگ لە سیلیسۆم پێکهاتووە کە کەرەستەی سەرەکیی دروستکردنی پەڕەی وزەی خۆرە و دەکرێت لەسەر مانگ دروست بکرێن.

