ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، بەوپەڕی خۆشحاڵی و شادییەوە چاوەڕوانی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکات لە عێراق، کە پێشتر لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵدا وەک وادەی کشانەوە دیاریکراوە.
موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنی ئەمریکی پابەندی ئەم بڕیارە نیشتمانییەی عێراق بێت، چونکە ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی عێراق و تەواوی جیهاندایە. هاوکات هیواشی خواست کە ئەم کشانەوەیە نەبێتە دەستپێکێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی عێراق و لەکەدارکردنی سەروەری، سەربەخۆیی و شکۆی وڵات.
سەدر هۆشداریی دایە وڵاتانی دراوسێ و نادراوسێ لە دەرئەنجامی دەستێوەردانەکانیان و ڕایگەیاند کە بە توندی ڕووبەڕووی هەر دەستێوەردانێک دەبنەوە لە هەر وڵاتێکەوە بێت. هەروەها هۆشداریشی دایە سیاسییەکانی عێراق لە دووبارەکردنەوەی داواکارییە “خراپ و هەڵەکەیان” بۆ دەستێوەردانی ئەمریکا، وەک ئەوەی لە سەرەتادا کردیان.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دووپاتی کردەوە کە عێراق لە ڕێگەی پێکهاتە جیاوازەکانی هێزە ئەمنییەکانییەوە، بەتایبەتی پاسەوانی سنوور و هێزی ئاسمانی، توانای پاراستنی خۆی هەیە، ئەوەش تەنها لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و بە دوور لە هەر ململانێیەکی ناوخۆیی، تایفی و نەتەوەیی.
لە کۆتاییدا سەدر ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول دەبێتە دەستپێکی گەشانەوەی عێراق و کۆتاییهاتنی هەموو جۆرە گەندەڵی، ستەم، دیکتاتۆری، داگیرکاری و تیرۆرێک، بەتایبەت لەگەڵ بەهێزکردنی دەزگا ئەمنییەکان لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا.

