مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سێپتەمبەر گوتی، ئەمریکا ئامادەیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ ئێرانییەکان گفتوگۆ بکات، بەڵام لە ئێستادا هیچ دیدارێک پلانی بۆ دانەنراوە.
ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی «Today» لە کەناڵی ئێنبیسی (NBC) گوتی: «ئێمە بۆ ئەم مەبەستە ئامادەین؛ پێم وانییە لە ئێستادا پلانێکی دیاریکراو دانرابێت، بەڵام بێگومان پێشوازی لە شتێکی لەو شێوەیە دەکەین، بەتایبەت ئەگەر ئەگەری ئەوە هەبێت بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی و لە کۆتاییدا ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە بپێکێت.»
ناوبراو گوتیشی: «ئەو ئامانجەش لەوەدا کورت دەبێتەوە ئێران هەرگیز نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات؛ ئەوان بە هیچ جۆرێک ناتوانن چەکی لەو شێوەیەیان هەبێت.»
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئامادەییی دۆناڵد ترەمپ بۆ دیدار لەگەڵ مەسعوود پزیشکیاندا قسەی کرد. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سیئێنئێن (CNN)، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەم ئامادەیییە، گومانی خۆی دەربڕی لەوەی نوێنەرانی ئێران ئامادە بن لە نیویۆرک لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکادا دابنیشن.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران بۆ نیویۆرک ڕاگەیەندرا ناوبراو هیچ دیدارێکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا نابێت. پێش ئەم سەردانەش، لەنێو حکوومەتی ئێراندا گفتوگۆی بەرفراوان لەسەر سوود و زیانەکانی هاتبووە ئاراوە.
پزیشکیان پێش بەڕێکەوتنی بەرەو نیویۆرک لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی لەم سەردانە، هیچ ئاماژەیەکی بە هەوڵ و دیدارە ئەگەرییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی پڕگرژیی ئێستا نەکرد و تەنیا گوتی: «هیوادارم خەڵکی جیهان لەو ڕەفتارە ستەمکارانەی لە ناوچەکەدا دەکرێن ئاگادار بن و ئەم کۆڕبەندەی بە دروشمی متمانە بەڕێوە دەچێت، متمانە بۆ جیهان بگەڕێنێتەوە و بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و خوێنڕشتن تێبکۆشێت.»

