zagros news agency

دوو لەتە نانی تەواو و کاسەیەک شۆفان؛ ٩٠ گرام دانەوێڵەی تەواوی ڕۆژانە بۆ دڵ بەسوودە

 

لێکۆڵینەوە لە دەیان توێژینەوە دەری دەخات خواردنی ژەمێکی ڕۆژانە لە دانەوێڵەی تەواو دەکرێت بەشدار بێت لە باشترکردنی هەندێک پێوەری پەیوەندیدار بە تەندروستیی دڵ و مێتابۆلیزمی لەش.

توێژینەوە بەرفراوانەکان لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەریانخستووە سیستەمی خۆراکیی دەوڵەمەند بە دانەوێڵەی تەواو، پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزیی پەستانی خوێن، بەرزیی کۆلسترۆڵ و شەکرەی جۆری دووەوە هەیە و یارمەتیی مرۆڤ دەدات کێشی لە ئاستێکی تەندروستدا ڕابگرێت. ئێستاش توێژەران لە شیکارییەکی نوێدا دەیان لێکۆڵینەوەیان پشکنی تا بە وردەکاریی زیاترەوە دیاری بکەن دانەوێڵەی تەواو لە ئاستی گەردیلەییدا چۆن یارمەتیی تەندروستیی دڵ و دەمارەکان و مێتابۆلیزم دەدات و بۆ سوودمەندبوون لەم تایبەتمەندییانە پێویستە چەندەی لێ بخورێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی سی‌ئێن‌ئێن (CNN)، ئەنجامی ئەم پشکنینەی ڕۆژی سێشەممە لە «گۆڤاری دڵی ئەورووپا»دا بڵاو کرایەوە پێشانی دەدات، سوودەکانی دانەوێڵەی تەواو لە خواردنی ڕۆژانەی نزیکەی ٩٠ گرامەوە دەست پێدەکات کە یەکسانە بە سێ ژەم؛ ئەمەش بڕێکە تا ڕادەیەک یەکسان بە دوو لەتە نانی تەواو (سبووسدار) و کاسەیەک شۆفان. بەپێی توێژینەوەکە، خواردنی چوار تا شەش ژەمی ڕۆژانە کاریگەریی زیاتری هەیە.

توێژەران بەڵگەی ئەوەیان دۆزییەوە ئاستی نزیکەی ١٢ پێوەری تەندروستی لەو کەسانەدا کەمێک باشتر بووە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ــ لە دوو هەفتەوە تا دوو ساڵ ــ ڕۆژانە سێ تا شەش ژەم دانەوێڵەی تەواویان خواردووە. ئەم پێوەرانە بریتی بوون لە کۆی گشتیی کۆلسترۆڵ، کۆلسترۆڵی زیانبەخش (LDL)، پەستانی خوێن، کێشی لەش و ئەندازەی کەمەر کە هەموان پەیوەندییان بە بەرزبوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەوە هەیە.

داگفین ئۆنە، یەکێک لە ئامادەکارانی ئەم شیکارییە گوتی، ئەگەرچی ئەم کاریگەرییانە کەم بوون، بەڵام سەرجەمی دەستکەوتەکان ئەنجامی توێژینەوە دانیشتووانییە بەرفراوانەکان پشتڕاست دەکەنەوە و دەکرێت بەم جۆرە دەرئەنجام وەربگیرێت خواردنی دانەوێڵەی تەواو لەوانەیە کاریگەرییەکی هۆکاریی هەبێت و «ببێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار».

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەو مانایە نییە دەتوانن دوو لەتە نانی تۆستی تەواو بخەنە سەر ژەمی بەیانییەکەتان پێکهاتبێت لە گۆشتی بەراز و هێلکە و چاوەڕێ بن تەندروستیی دڵتان باشتر بێت.

پزیشکان بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ پێشنیاز دەکەن دانەوێڵەی تەواو جێگەی ئەو بەرهەمانە بگرێتەوە لە دانەوێڵەی پاڵێوراو دروست دەکرێن. خۆراکە ئامادەکراوەکان لە دانەوێڵەی تەواو وەک شۆفان، برنجی قاوەیی، نانی تەواو، فارۆ (جۆرێک لە گەنمی تەواو)، گەنمەشامیی تەقیو و کینوا، هەموو پێکهاتە سروشتییەکانی دانەوێڵەیان تێدایە. لە کاتێکدا لە قۆناغی بەرهەمهێنان بە دانەوێڵەی پاڵێوراو وەک برنجی سپی یان هەر بەرهەمێک بە ئاردی سپی دروست بکرێت، ئەو بەشانەی دانەوێڵەکە تام و پێکهاتەی ئەوتۆیان نییە لادەبرێن، لە کاتێکدا زۆربەی ڕیشاڵ و ماددە خۆراکییەکانی دیکە لە هەمان ئەو بەشانەدان.

ئالیس لیختنشتاین، مامۆستا لە کۆلێژی فریدمن بۆ زانست و سیاسەتی خۆراک لە زانکۆی تافتس، ئاماژە بەوە دەکات خواردنی خۆراکی ئامادەکراو لە دانەوێڵەی تەواو گرنگە، بەڵام تەنیا یەک گۆڕانکاری لە سیستەمی خۆراکیدا ناتوانێت پێش بە نەخۆشیی دڵ بگرێت. ناوبراو بەشداریی لەم شیکارییە نوێیەدا نەکردبوو، ڕوونی کردەوە: «ئەگەر لە جیاتیی شیرینییەکی دارچینی لە دانەوێڵەی پاڵێوراو دروستکرابێت، جۆرە تەواوەکەی بخۆن، هیچ سوودێک بە دڵتان ناگەیەنێت.»

سەرەڕای ئەوەش، تەنیا زیادکردنی کاربۆهیدراتی زیاتر بۆ سیستەمی خۆراکی بە مەبەستی گەیشتن بە بڕی پێشنیازکراوی دانەوێڵەی تەواو، لەوانەیە کێشی لەشیش زیاد بکات.

کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا پێشنیازی خواردنی دانەوێڵەی تەواو دەکات، بەڵام بڕێکی دیاریکراوی وەک ئامانجی ڕۆژانە دانەناوە. لیختنشتاین نووسەری سەرەکیی ڕێنمایییە خۆراکییەکانی ئەم ڕێکخراوە قازانج نەویستەیە، دەڵێت هۆکارەکەی ئەوەیە هیچ بڕێکی دیاریکراو نییە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کاریگەرترین بێت یان لەگەڵ لەش، تایبەتمەندییە بۆماوەیییەکان و شێوازی ژیانی هەموو کەسێکدا بگونجێت؛ بۆیە لە جیاتیی دیاریکردنی ژمارەیەکی جادوویی بۆ هەر ماددەیەکی خۆراکیی بەسوود، دەبێت هەوڵ بدەین سەرنج بخەینە سەر شێوازی گشتیی خۆراک.

ئەم ڕێنمایییانە جیا لە خواردنی دانەوێڵەی تەواو، جەخت لەسەر خواردنی جۆرەکانی میوە و سەوزە و سنووردارکردنی چەورییە تێرەکان، شەکر، خوێ، خۆراکە زۆر پرۆسێسکراوەکان و ماددە کحوولییەکان دەکەنەوە.

لیختنشتاین گوتی: «پێشنیازی من ئەوەیە هەر کاتێک یەکێک لە ماددە خۆراکییەکانی نێو دۆڵاب تەواو بوو، بە جۆری دانەوێڵەی تەواو جێگەی بگرنەوە.» هەروەها وریاییی دا ئەم کارە هەمیشە هێندەی دەردەکەوێت ئاسان نییە، چونکە هەندێک نانی قاوەییی تۆخ و ئەو بەرهەمانەی ناونیشانی «چەندین دانەوێڵە» یان «لە دانەوێڵەی تەواو دروست کراوە»یان پێوەیە، زۆربەیان لە ئاردی پاڵێوراو دروست کراون.

ناوبراو جەختی کردەوە: «ڕووی پشتەوەی پاکەتی بەرهەمەکە هەڵگێڕنەوە و پێکهاتەکانی بپشکنن؛ یەکەمین پێکهاتە دەبێت دانەوێڵەیەکی تەواو بێت. ئەگەر بەم جۆرە نەبوو، پێشنیاز دەکەم ئەو بەرهەمە نەکڕن.»

هەواڵی پەیوەندیدار

ڤیتامین K چ کاریگەرییەک لەسەر تەندروستی مێشک دروست دەکات

lana

توێژینەوەیەک نهێنییەکی چاوی شین ئاشکرادەکات

lana

حەوت نیشانە لە قاچەکانتدا دەریدەخەن جگەرت نەخۆشە

lana