بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتێکی تایبەتدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و بارانبارین ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە بەیانییەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی لاوازی بەرزەپەستانی دەریای سوور، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بە بڕی (٦ تا ٨) پلەی سیلیزی روو لە نزمبوونەوە دەکەن و کاریگەریی ئەم دابەزینەش تا کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە کاریگەریی بەرزەپەستانی دەریای سپیی ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. هەروەها لە رۆژی پێنجشەممەدا کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر دەبێت و بارانبارین سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، دواتر بە ڕێژەیەکی کەمتر لە سنووری پارێزگای هەولێر و بە شێوەیەکی لاوازتر بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی درێژ دەبێتەوە.
پێشبینیی بڕی بارانبارین لە پارێزگاکان بەم جۆرە دەبێت:
-
پارێزگای دهۆک: ٢ – ٣ ملم
-
پارێزگای هەولێر: ١ – ٢ ملم
-
پارێزگای سلێمانی: ٠.٥ – ١ ملم
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە رەوشی کەشوهەوادا، لە ڕاپۆرتی نوێدا زانیارییەکان بڵاودەکەنەوە.

