ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەختیان لەسەر پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تەواوکردنی کابینەی حکوومەت کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە نوری کامل مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی وڵات تاوتوێ کران و جەخت لەسەر پێویستیی پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی ئێستا کرایەوە. هەروەها دووپات لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی کرایەوە، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە دابینکردنی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان و وەدیهێنانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکانی نێوان هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کردووەتەوە لە پێناو تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، هەروەها پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەنجامدانی چاکسازی و چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

