ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، چالاکییەکانی خولی هەژدەیەمی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەست پێدەکات، کە لەلایەن دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر، بە هاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نووسەران و ئەدیبانی عێراق، و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی پەخش كاران و نوسەران ی عێراق، و بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێکدەخرێت. پێشانگاکە تا ٣١ی هەمان مانگ لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەردەوام دەبێت.
خولی ئەمساڵ لەژێر دروشمی «من کوردستانیم» بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی زیاتر لە ٤٠٠ دەزگای چاپ و پەخش لە ١٨ وڵاتەوە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشان لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب، هزر و مەعریفەدا دەخەنە ڕوو، بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی بە شێوەزارە جیاوازەکانییەوە، شانبەشانی زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، فارسی، تورکی و چەند زمانێکی بیانیی دیکە.
پێشانگاکە بۆ خولی هەژدەیەمی خۆی دروشمی «من کوردستانیم» ی هەڵبژاردووە، ئەمەش لە ڕوانگەیەکی ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕێز لە شوناسی کوردی دەگرێت وەک شوناسێکی شارستانیی کراوە، کە بوونی خۆی لە مێژوو و زمان و بیرەوەری و ئەدەب و جلوبەرگ و مۆسیقا و هونەرەکانەوە وەردەگرێت، و لە هەمان کاتدا بەهاکانی پێکەوەژیان، فرەچەشنی و کرانەوە بەڕووی ئەوانی تردا دەچەسپێنێت.
دروشمەکە گوزارشت لە شانازیکردن بە ئینتیماوە دەکات وەک بەهایەکی ڕۆشنبیری و مرۆیی و پردێک بۆ دیالۆگ و پەیوەندی لە نێوان کولتوورەکاندا، هەروەها هەوڵدەدات وێنەیەکی هاوچەرخی کولتووری کوردی بخاتە ڕوو، کە لە نێوان تایبەتمەندییە مێژووییەکەی و توانای کارلێککردنی لەگەڵ دەوروبەرە عێراقی و هەرێمی و جیهانییەکەی دا کۆ بکاتەوە.
پێشانگاکە ئەم دروشمە لە ڕێگەی کەمپەینێکی ڕۆشنبیری و هونەرییەوە بەرجەستە دەکات کە یاوەری چالاکییەکانی خولەکەیە، بە بەکارهێنانی دەقی ئەدەبی و شیعری، هونەرە بینراوەکان، دیزاین، وێنەی فۆتۆگرافی، نمایشە کولتوورییەکان و گفتوگۆ هزرییەکان. بەمەش دەرفەت بە سەردانیکەران دەدات ئاشنای توخمەکانی شوناسی کوردی ببن لە ڕێگەی ئەزموونێکەوە کە وشە و وێنە و هونەر و مەعریفە پێکەوە گرێ دەدات.
پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب یەکێکە لە دیارترین ڕووداوە ڕۆشنبیری و جەماوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، و فەزایەکی فراوان پێکدەهێنێت کە پەخش كاران، نووسەران، ڕۆشنبیران و خوێنەران کۆدەکاتەوە، هەروەها ڕێز لە فرەچەشنیی کولتووری و زمانەوانی و کرانەوە بەڕووی ئەزموونە هزری و ئەدەبییە جیاوازەکاندا دەگرێت.
دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەشداربوو لە ڕۆژانی پێشانگاکەدا داشکاندن پێشکەش دەکەن کە دەگاتە زیاتر لە ٥٠٪ بۆ کۆمەڵەیەکی بەرفراوان لە کتێب و بڵاوکراوەکان، ئەمەش دەرفەت بە خوێنەران دەدات ناونیشانە نوێ و هەمەجۆرەکان بە نرخی داشکێندراو بەدەستبهێنن.
پێشانگاکە بەرنامەیەکی فراوانی ڕۆشنبیری و هونەری لەخۆدەگرێت کە زیاتر لە ٩٠ چالاکی دەگرێتەوە، لەوانە کۆڕی هزری و ئەدەبی، دانیشتنی گفتوگۆئامێز و دیدار لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیران، شانبەشانی ئاهەنگ و چالاکییە مۆسیقییەکان کە بە چەندین زمان پێشکەش دەکرێن، و ڕەنگدانەوەی ئەو فرەچەشنییە کولتوورییەن کە پێشانگاکە و جەماوەرەکەی پێ جیادەکرێتەوە.
پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٨ی ئێوارە، لە ماوەی نێوان ٢١ تا ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەرگاکانی بەڕووی سەردانکەراندا کراوە دەبێت.
كارگێڕی پێشانگاکە بانگهێشتی جەماوەری خوێنەران و ئارەزوومەندانی ڕۆشنبیری، ئەدەب و هونەر دەکات بۆ سەردانیکردنی پێشانگاکە و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی خولی هەژدەیەمیدا.
من کوردستانیم…
ژوانەكەمان لەگەڵتان لە هەولێرە، لەو شوێنەی کتێب بە خەڵک دەگات، و کولتوورەکان لە فەزایەکی کراوەدا بۆ مەعریفە و دیالۆگ بەیەك دەگەن.
كارگێڕی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب

