zagros news agency

ترامپ: ئەگەر دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس بکەن، مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنم

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەکارهێنانی “مافی ڤیتۆ” دژی هەر پڕۆژەیاسایەکی دیموکراتەکان “ئەگەر پێویست بکات”، لە ئەگەری ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس بەدەستبهێنن.

ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس)، سەبارەت بە ئەگەری باڵادەستبوونی دیموکراتەکان بەسەر ئەنجومەنی نوێنەراندا لە دوو ساڵی کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، رایگەیاند: “من دەسەڵاتی ڤیتۆم هەیە. ئەوە دەسەڵاتێکی رەهایە و ئەگەر پێویست بکات ئامادەم بەکاری بهێنم.”

سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی خۆی دەربڕی لە بەردەوامبوونی کارنامەکەی لە دوو ساڵی داهاتوودا بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ دەکرێت دیموکراتەکان ناچار بکات رێککەوتنی لەگەڵدا بکەن، و گوتی: “سەیری مێژوو بکەن، کاتێک بۆ چەند مانگێک مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنیت، لایەنەکەی تر دێت و دەڵێت: دەبێت بگەینە رێککەوتن.”

لەبارەی ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیموکراتەکان، ترامپ هۆشداری دا کە ئەگەر لە ناو کۆنگرێسەوە هەوڵی بەرتەسککردنەوەی هەنگاوەکانی بدەن، رەنگە پەنا بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکانی سەرۆکایەتی ببات، جەختیشی کردەوە کە خاوەنی سەرۆکایەتییەکی “بەهێزە و دەتوانن کاری زۆری پێ ئەنجام بدەن.”

سەبارەت بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیش، ترامپ پێی وابوو کە هەوڵەکانی لە چەند هەفتەی رابردوودا رێڕەوی هەڵبژاردنەکانی گۆڕیوە و لەبری سەرکەوتنێکی گەورەی دیموکراتەکان (شەپۆلی شین)، کێبڕکێکەی بۆ ململانێیەکی زۆر نزیک لە یەکتر گۆڕیوە.

ناڕەزایەتی دەنگدەران لە دۆخی ئابووری

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دەنگدانەکە، راپرسییەکی کەناڵی (سی ئێن ئێن) ئاشکرای کرد کە نزیکەی سێ لەسەر چواری دەنگدەرانی ئەمریکی لە رەوشی وڵات رازی نین، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییە بەرفراوانەکان لە بارودۆخی ئابووری.

بەپێی راپرسییەکە، نزیکەی 60%ی بەشداربووان لە ئەدای ترامپ ناڕازین و دوو لەسەر سێی دەنگدەرانیش پێیان وایە سیاسەتەکانی بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان. ئابووریش لە سەرووی ئەو پرسە سەرەکییانە بووە کە جێگەی بایەخی دەنگدەران بووە.

شایانی باسە، ئەم هەڵبژاردنە نیوەییە سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەگرێتەوە (کە کۆمارییەکان بە 218 کورسی بەرامبەر 214 کورسیی دیموکراتەکان خاوەنی زۆرینەیەکی کەم بوون)، لەگەڵ 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجومەنی پیران، ئەنجامەکانیشی چارەنووس و دەسەڵاتی ترامپ لە دوو ساڵی داهاتووی حوکمڕانیدا دیاری دەکەن.

 

ئاژانسەکان

هەواڵی پەیوەندیدار

شارەوانیی بەحرکە ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو فەرمانبەرانە دەکات کە ناویان لە تیروپشکی زەوی دەرچووە

سەڵاح

پلەکانی گەرما لە عێراق بەرزدەبێتەوە

یاسین

ژانی منداڵبوون یان بەردی گورچیلە؛ کام ژان له مرۆڤدا له هەموویان بەئازارتره؟

یاسین