zagros news agency

شاندێکی ئەمنی عێراق گەیشتە ئێران

 

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وەک نێردەی تایبەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئەرکێکی فەرمی گەییشتە تاران. سەردانەکەی عەبوودی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانە.

 

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق لە رۆژانی رابردوودا بە پاساوی ئەمنی رێوشوێنی نوێی لە دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی لەگەڵ ئێران گرتووەتەبەر و تەنیا دوو دەروازەی هێشتووەتەوە، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایی تارانی لێکەوتووەتەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە، محەممەد موخبیر، راوێژکار و یاریدەدەری رێبەری ئێران داوای لە حکوومەتی عێراق کرد لە پرسی سنوورەکاندا وریا بێت. موخبیر هۆشداری دا، پێویستە عێراق نەبێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

 

موخبیر لە پلاتفۆرمی ئێکس سەبارەت بە رێوشوێنە سنوورییەکانی حکوومەتی عێراق نووسیویەتی: “یەکێتیی چارەنووس لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بنەمایەکی سەرەکییە لە سیاسەتی دەرەوەماندا”.

 

موخبیر روونیکردەوە، ئێران لە سەختترین دۆخەکاندا بە هەموو هێزی خۆیەوە لە پاڵ گەلی عێراق وەستاوە و دۆستایەتیی خۆی سەلماندووە. ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختیکردەوە، پێویستە بەغدا لە پرسی سنوورەکاندا وریا بێت تاوەکو نەبێتە ئامرازێک بە دەست ئەوەی بە دوژمنانی ئیسلام ناوی برد و وەڵامی سیاسەتەکانی ترەمپ نەداتەوە.

 

دوێنێ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی لە پێناو سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی ناوچەکانی وڵات و وەستاندنی قاچاخی نەوتی عێراق.

 

ترەمپ لە پلاتفۆرمی ترووث سۆشیاڵ جەختیکردەوە: “پشتیوانی لە هەوڵەکانی زەیدی دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، خستنەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ هەموو چەکێک و بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، گەشەسەندوو و بەهێز کە بڕیارە سیاسییەکانی خۆی بە سەربەخۆیی بدات”.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە وێنە… پێشوازی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاندی ئیمڕالی لە هەولێر

سەڵاح

سێ خولەک وەرزشی چڕ جەستە چالاک دەکات

یاسین

سامان بەرزنجی: تووشبووێكی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان گیانی لەدەستدا

یاسین