توێژینەوەیەکی زانستی کە لە گۆڤاری PLOS One بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات زەیتی نەعنای بیبەری کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دابەزاندنی پەستانی خوێن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بەرزبوونەوەیدا هەیە.
توێژەرانی زانکۆی لانکاشایەر لە بەریتانیا بۆیان دەرکەوتووە، لە ماوەی 20 رۆژدا خواردنی بڕێکی کەم لەو زەیتە، رۆژانە دوو جار، پەستانی خوێنی سەرەوە (سیستۆلیک) بە بڕی 8.5%ـی ملم زئبقی دادەبەزێنێت.
جۆنی سینکلێر، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە و مامۆستای زانستی وەرزش و تەندروستی لە زانکۆی لانکاشایەر جەختیکردەوە: “بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و مردن لە سەرانسەری جیهاندا، تێچووی چارەسەرکردنیشی زۆرە”.
سینکلێر روونیکردەوە، ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری پەستانی خوێن بەکاردێن هەمیشە زانیاریی تەواویان لەسەر کاریگەرییەکانیان لە ماوەی درێژخایەندا نییە، هاوکات ئەگەری هەیە ببنە هۆی دەرکەوتنی کاریگەری لاوەکی نەخوازراو. بە گوتەی ئەم توێژەرە، زەیتی نەعنا وەک چارەسەرێکی سادە، کاریگەر و هەرزان بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا دەردەکەوێت.
نەعنا مادەی کارلێککاری وەک مێنتۆل لەخۆدەگرێت کە هەستێکی فێنککەرەوە دەبەخشێت و دژە ئۆکسێنەری بەهێزی تێدایە. ئەم رووەکە تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە و بۆرییەکانی خوێن فراوان دەکات. کاتێک بۆرییەکان فراوان دەبن، پەستانی خوێن لەسەر دیواری بۆرییەکان کەمدەبێتەوە، پێچەوانەکەی ئەگەر پەستانی خوێن بەردەوام بەرز بێت، زیان بە خوێنبەرەکان دەگات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و ئاڵۆزییەکانی دیکەی دڵ زیاد دەکات.
بۆ ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە، زانایان بانگهێشتی 40 خۆبەخشیان کرد کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 65 ساڵیدا بوو و لە قۆناغی سەرەتایی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندابوون. بەشداربووان کران بە دوو گروپەوە؛ گروپێکیان رۆژانە 0.1 مل زەیتی نەعنای بیبەرییان لە ئاودا تێکەڵ دەکرد و دەیانخوارد، گروپی دووەمیش دەرمانێکی بێ بنەمایان (بلاسێبۆ) پێدرا کە تەنیا تام و بۆنی نەعنای هەبوو و مادە کارلێککارەکانی زەیتی نەعنای تێدا نەبوو.
دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ، تێکڕای پەستانی خوێنی سیستۆلیک لەو گروپەی زەیتی نەعنایان خواردبوو، لە 130 ملم زئبقییەوە بۆ 122 ملم زئبقی دابەزی، لەکاتێکدا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر پەستانی خوێنی گروپی دووەمدا نەهات.
لەگەڵ ئەوەی ئەنجامەکان هاندەرن، توێژەران جەخت لە پێویستیی توێژینەوەی بەرفراوانتر و درێژخایەنتر بە بەشداریی ژمارەیەکی زیاتری خۆبەخش دەکەنەوە. ئێستا زەیتی نەعنا ناتوانێت جێگەی ئەو دەرمانانە بگرێتەوە کە پزیشک بۆ نەخۆشانی پەستانی خوێن دیاری دەکات، تەنیا وەک هۆکارێکی هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە و بە راوێژی پزیشک بەکاردێت.
توێژینەوەکە هۆشداری دەدات کە پێویستە تەنیا ئەو جۆرە زەیتی نەعنایە بەکاربێت کە بۆ خواردن گونجاوە، هاوکات دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی زەیتە بۆنخۆشەکان یان ئەو زەیتە رووەکییانەی لە دەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێن، چونکە بۆ خواردن ناشێن.
لە پاڵ نەعنادا، هەندێک جۆری دیکەی رووەک و مادە سروشتییەکان هەن کە یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدەن بە رێژەی 5 بۆ 10 ملم زئبقی، وەک چای کرکەدە، شەربەتی چەوەندەر، کەرەوز و کاکاو، کە دەتوانرێت بۆ سیستەمی خۆراکی زیاد بکرێن بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی سووکی پەستانی خوێن.

