zagros news agency

چۆن کامێرای لاپتۆپەکەت لە هاککەران دەپارێزیت؟

 

کامێرای لاپتۆپ دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ چاودێریکردنی بەکارهێنەران و پێشێلکردنی تایبەتمەندییان بەبێ ئاگادارییان. ئەم دۆخە هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی شێوازەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی روودەدات، کە رێگە بە هاککەران دەدات لە رێگەی نەرمەکالای زیانبەخشەوە بەدوورەوە دەستیان بە کامێرای ئامێرەکان بگات و کۆنترۆڵی بکەن.

بەشێک لەو نەرمەکالانە بە ئامرازەکانی گەیشتنی دوور (RATs) دەناسرێن. ئەم جۆرە بەرنامانە رێگە بە هێرشبەران دەدەن کۆنترۆڵی کۆمپیوتەرە تووشبووەکان بکەن، لەوانەش کاراکردنی کامێرای وێب و چاودێریکردنی خاوەنەکانیان بەبێ رەزامەندییان، کە ئەمەش وای لە زۆرێک لە بەکارهێنەران کردووە وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی تایبەتمەندییان کامێراکانیان دابپۆشن.

یەکێک لە رووداوە دیارەکانی ئەم بوارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، کاتێک ئێف بی ئای رایگەیاند تۆمەت ئاڕاستەی ئەلیکس یوتسێل، خاوەنی رێکخراوی “Blackshades” کراوە. ئەو رێکخراوە نەرمەکالایەکی زیانبەخشیان دەفرۆشت و بڵاودەکردەوە کە توانای دزینی پەڕگەکانی هەبوو و لە رێگەی کامێرای ئامێرەکانەوە چاودێریی قوربانییەکانی دەکرد. ئەو نەرمەکالایە زیاتر لە 500 هەزار کۆمپیوتەری لە زیاتر لە 100 وڵات تووش کرد، پێش ئەوەی یوتسێل بە نزیکەی پێنج ساڵ زیندانیکردن حوکم بدرێت.

بۆ داپۆشینی کامێرای لاپتۆپ و رێگریکردن لە بەکارهێنانی بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکەی، چەند رێگەیەک هەن کە دیارترینیان بریتین لە:

داپۆشەری تایبەتمەندیی تێهەڵکێش: هەندێک ئامێری Dell و Lenovo بە قەفڵێکی بچووکەوە دێن کە دەکرێت بجوڵێنرێت بۆ ئەوەی کامێراکە بە کردەیی دابخرێت.

داپۆشەری دەرەکی: پارچەی بچووکن کە خاوەن میکانیزمێکی خلیسکێن، لە تەنیشت هاوێنەی کامێراکە دەبەسترێن و رێگە دەدەن لە کاتی پێویستدا بکرێنەوە و دابخرێن.

سۆڵەی رەش: بژاردەیەکی سادەیە بۆ داپۆشینی هاوێنەکە لەو ئامێرانەی داپۆشەری تێهەڵکێشیان نییە.

شارەزایانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەنە بەکارهێنەرانی MacBook لە بەستنی داپۆشەری ئەستوور، بەهۆی کەمیی مەودای نێوان شاشە و تەختەکلیلەکە. بوونی داپۆشەرێکی زیادە لەوانەیە ببێتە هۆی گوشار بۆ سەر شاشەکە و زیانگەیاندن پێی. کۆمپانیای Apple رێنمایی دەدات بە بەکارهێنانی پارچەیەکی بچووک لە سۆڵەی رەش لە جیاتی داپۆشەری زیادە.

پاراستنی تایبەتمەندی تەنیا لە داپۆشینی کامێرا کورت نابێتەوە، بەڵکو پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی زیاتر هەیە. دیارترینیان بەردەوام نوێکردنەوەی سیستەمی کارپێکردنە بۆ داخستنی کەلێنە ئەمنییەکان، هەروەها دڵنیابوون لە کاراکردنی فایروۆڵ و بەکارهێنانی بەرنامەی متمانەپێکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و نەرمەکالا زیانبەخشەکان.

بەکارهێنەران دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە دابەزاندنی پەڕگە لە سەرچاوەی نەناسراو و کرتەنەکردن لەسەر بەستەرە گوماناوییەکان، کە لەوانەیە بۆ بڵاوکردنەوەی نەرمەکالا زیانبەخشەکان و کۆنترۆڵکردنی ئامێرەکان بەکاربهێنرێن. ئامێرەکانی Windows بۆ پاراستن پشت بە بەرنامەی Microsoft Defender دەبەستن، لە کاتێکدا ئامێرەکانی MacBook سیستەمی XProtect بەکاردەهێنن، لەگەڵ ئەگەری بەکارهێنانی بەرنامەی زیادە وەکو Malwarebytes.

داپۆشینی کامێرای لاپتۆپ رێوشوێنێکی خۆپارێزیی سادەیە کە ئەگەری چاودێریکردنی بینراو کەمدەکاتەوە، بەڵام رێگری لە هاککردنی ئامێرەکە یان گەیشتن بە پەڕگە و مایکرۆفۆنەکەی ناکات. ئەمەش پابەندبوون بە رێوشوێنەکانی ئاسایشی دیجیتاڵ دەکاتە پێویستییەک بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی بەکارهێنەران.

هەواڵی پەیوەندیدار

سناپچات ئەپەکەی بە دیزاینێکی ناوازە نوێ دەکاتەوە

سەڵاح

کۆمپانیای Apple تیمێکی نوێی کڕی

یاسین

لە ئایپادەکانەوە بۆ هێدفۆنی بەوایەر؛ بۆچی نەوەی زێد (Gen Z) دووبارە روو له تەکنەلۆژیا کۆنەکان دەکەنەوه؟

سەڵاح