سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو هێزە ئەمریکاییانەی لەعێراقن ڕاوێژکارین و وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن هێزی شەڕکەر نین.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە لوتکەی کۆنکۆردیا لە نیویۆرک، گوتی: لە ٢٠١٤ـهوە هێزەکانی ئەمریکا هاتنە عێراق و پێکەوە دژی داعش سەرکەوتن. گرنگە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هێزانەی ئەمریکا بکرێت کە لەعێراق ماونەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروها گوتی: لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە خاکی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆین.
بە گوتەی سوودانی؛ عێراق وەک بەشێکی سەرەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فکری توندڕەوی دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد؛ دەیانەوێت پەیوەندی دوولایەنەی فراوان بە تایبەت پێوەندیی ئەمنیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت.