وەزارەتی دارایی سووریا ڕایگەیاند، وڵاتی قەتەر بڕی ٨٧ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی دارایی پێشکەش بە سووریا دەکات.
محەمەد یوسر بورنیە، وەزیری دارایی سووریا، ئەمڕۆ، پێنجشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ” قەتەر بڕی ٨٧ ملیۆن دۆلاری ئەمریکایی وەک پشتیوانی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران پێشکەش بە سووریا دەکات.”
بە گوتەی بورنیە، ئەم هاوکارییە بەسەر سێ مانگدا دابەش دەکرێت و مووچەی کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، کاروباری کۆمەڵایەتی و هەروەها خانەنشینە مەدەنییەکان (ناسەربازییەکان) دەگرێتەوە.
وەزیری دارایی سووریا ئاماژەی بەمەشکرد، “دەستپێشخەرییەکەی قەتەر هەنگاوێکی ئەرێنییە و هیوادارین هەنگاوی زیاتریش بگیرێتەبەر بۆ دەرکردنی ڕێنمایی گونجاوتر، بەمەبەستی سووککردنی بارگرانیی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا.”
هەواڵی داهاتوو

