zagros news agency

وه‌ڵامێك بۆ بەرپرسی مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتی

 

ئومێد شەهید سید عەبدوڵڵا له‌وه‌ڵامی خدر مسته‌فا بەرپرسی مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەت، هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان رایگه‌یاند، باوکم و مامەکانم و بنەماڵەکەمان جگە لە جەنابی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ڕەحمەتی و جەنابی (سەرۆک بارزانی)، پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ لایەنێک و هێزێکی سیاسی نەبووە.

 

ئه‌مه‌ش ده‌قی وه‌ڵامه‌كه‌یه‌:

 

سڵاو و ڕێز، کوردستانیانی خۆشەویست

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و خانەوادەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

لێرەوە دەمەوێت وەڵامێک و ڕونکردنەوەیەکی پێویست بدەم بە بەڕێز خدر مستەفا، بەرپرسی مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەت، وە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان.

جەنابیان لە ٥٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە گردبوونەوەیێکی حزبی خۆیان وتارێکی پێشکەش کردووە. لەو وتارەیدا باسی باوکی شەهیدم و بنەماڵەکەمان دەکات و دەڵێت: “شەهید سید عەبدوڵڵا یەکەم شەهیدی شۆڕشی نوێی یەکێتیە، وە ئەو مەفرەزەیە لەسەر ڕاسپاردەی مرحوم مام جەلال چەکیان لە شان کردووە و شۆڕشیان هەڵگیرساندۆتەوە.”

بەداخەوە، جەنابیان لەژێر کاریگەری چەند سەرچاوە و کتێب و نامیلکەیێکی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی ئەم وتارەی داوە.

من لێرەوە، وەک کوڕی یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و بنەماڵەکەمان کە یەکەم مەفرەزە و چەخماخە لێدەری شۆڕشی گوڵانین، ڕایدەگەیێنین کە:

باوکم و مامەکانم و بنەماڵەکەمان جگە لە جەنابی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ڕەحمەتی و جەنابی (سەرۆک بارزانی)، پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ لایەنێک و هێزێکی سیاسی نەبووە.

بەئیعازی هیچ هێزێک جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی جەنابی (بارزانیی نەمر) نەبێت، نەچووینەتەوە شاخ.

ئەوەی کە لە مام و ئامۆزاکانم بینیووە تەنها ئەوە بووە کە هەمیشە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی نەمر پەیوەندیان هەبووە. هەرچی خەبات و قوربانیمان هەبوو لەژێر ڕێنمایی و تەوەجوهاتی جەنابی سەرۆک داومانە، و لە پێناوی ئەو ڕێبازە شۆڕشمان کردووە کە ئامانجی گەیشتن بووە بە سەربەخۆیی کوردستان و بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.

بۆیە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەرچی کتێب و نامیلکە و وتار هەبێت لەسەر چۆنیەتی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان ڕەتی دەکەینەوە، چونکە پێمان وایە کە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی خودی خۆی زۆر بە جوانی ئەم بابەتەی لە لاپەڕەکانی مێژووی کورد و کوردستان چەسپاندووە.

زۆرجار لەلایەن هەڤاڵ و دۆستانمان پێمان دەڵێن: “ئێوە بۆ مێژووی بنەماڵەکەتان بە کتێبێک نانووسنەوە؟”

هەمیشە وەڵامی ئێمەوە ئەوە بووە کە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی خودی خۆی مێژووی بنەماڵەکەمان و مێژووی هەموو کوردستانی لە چەند بەرگێکی کتێبی “بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد” نووسیوتەوە و، لە بەرگی چوارەمی کتێبەکەدا کە تایبەتە بە (شۆڕشی گوڵان)، ئەم قۆناغە و حەقیقەتە مێژووییەکانی خراوەتەڕوو، هەر بۆیە هیچ پێویست ناکات ئێمە بنووسین، چونکە ئەوەی کە جەنابیان نووسیویەتی، ئێمەش هەر ئەوە دەنووسینەوە.

قەتیش نەمان ویستووە خەبات و خوێن و قوربانیمان بکەینە منەت بەسەر کورد و کوردستان.

 

ئومێد شەهید سید عەبدوڵڵا

٢٠٢٥/٦/٤

هەواڵی پەیوەندیدار

“فارس عیسا” و “عەون زیاب عەبدوڵڵا” تاوتوێی ڕێگاکانی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاو لە وڵات ده‌كه‌ن

دڵشاد

ئیسرائیل داوا ده‌کات پڕۆژه‌ ناوکییه‌که‌ی ئێران ده‌ست پێنه‌کاته‌وه‌

یاسین

ژمارەی کوژراوانی غەززە گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 37 هەزار کەس

سەڵاح