ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی جی ٢٠ لە ئەفریقای باشوور، لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا و لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا گوتی: “یەکپارچەییی خاکی سووریا بۆ تورکیا خاڵێکی نەگۆڕە و گەلی سووریا چارەنووسی وڵاتەکەی یەکلا دەکاتەوە.”
هەروەها گوتی: “بچووکترین ناسەقامگیری لە سووریا دەبێتە هۆی بارێکی قورس بەسەر وڵاتەکەدا.” ئاماژەی بەوەش دا، هەمووان ئەو هەنگاوانە دەزانن تورکیا کاتێک هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئاشتیی وڵاتەکەی دروست بووە، ناویەتی. گوتیشی: “نامانەوێت جارێکی تر ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکی هاوشێوە ببینەوە.” جەختی لەوەش کردەوە، ڕووبەڕووی هەر هەڕەشە و مەترسییەک ببنەوە، ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر.
ئەردۆغان گوتی: “هەمیشە ڕامانگەیاندووە چاومان لەسەر خاکی هیچ وڵاتێک نییە. تورکیا ئاشتی، ئارامی و ئاسایشی لە هەموو ناوچەکەدا دەوێت، بەتایبەتی لە سووریا، عێراق و لوبنان.” گوتیشی: “حکوومەتی ئیسرائیل باش دەزانێت هەر هەنگاوێک لە ناوچەکەدا دەینێت، هەم نایاساییە و هەم سەرچاوەی ناسەقامگیرییە.”

