zagros news agency

بودجەی ئەم پرۆژەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە

 

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، هەردوو سایدی سەرەکیی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی شارەکەیان کردەوە، ئەوەش پێش وادەی دیاریکراوی تەواوبوونی یەکجارەکیی پڕۆژەکە.

 

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 2ی کانوونی یەکەمی 2025، فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، هەردوو سایدی سەرەکیی شەقامەکەی کردەوە. سەبارەت بە شێوازی هاتووچۆ لەم شەقامەدا ڕایگەیاندووە، ئاراستەی کەرکوک بەرەو ڕێگای قەرەداغ بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبێت، بەڵام سایدی ڕۆشتوو لە ڕێگای قەرەداغەوە بۆ تاسڵوجە، بەهۆی تەواونەبوونی پردی تاسڵوجەوە، دەخرێتەوە سەر ڕێگای سلێمانی- کەرکوک.

 

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، کردنەوەی ئەم بەشەی شەقامەکە لەسەر داواکاریی زۆری هاووڵاتییان بووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆدی ترافیک و قەرەباڵغی ناو شار، بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە هەرچەندە کاتی کردنەوەی تەواوی شەقامی 100 مەتری بە فەرمی دەکەوێتە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو، بەڵام کارکردن لە بڕگە و قۆناغەکانی دیکەی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار و بە سەرپەرشتیی فەرمانگەی پەیوەندیدار تا تەواوکردنی سەرجەم بڕگەکان بەردەوام دەبێت.

 

لە ڕێکەوتی 11ی تەمووزی 2020، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی (شاڕێی بابان)ـی دانا و بودجەی ئەم پرۆژەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

زانکۆلاین پێنج رۆژ درێژکرایەوە

سەڵاح

حکومەتی دانیمارک سۆشیال میدیا قەدەغە دەکات

یاسین

سلۆت گلەیی لە موحەمەد سەڵاح دەکات

یاسین