سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، تیمەکانیان بە هەشت بارهەڵگرەوە گەیشتوونەتە چەمچەماڵ و لە قۆناغی یەکەمدا خواردنی گەرم و پێداویستیی سەرەتایی دابەش دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2025، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناوچەکانی دیکە ڕایگەیاند: “هەر لە دوێنێ شەەوەوە و دوای ڕاسپاردنی دەزگاکەمان لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، تیمەکانمان لە ئۆفیسەکانی کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.”
مووسا ئەحمەد ئاشکرای کرد، تیمەکانیان بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ناو چەمچەماڵ و دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
سەبارەت بە قەبارەی هاوکارییەکان، وتی: “کاروانی یەکەم کە ئێستا بەڕێ دەکەوێت، بڕی 64 تۆن هاوکارییە لە 8 بارهەڵگردا، کە پێداویستییە هەنووکەییەکانی وەک بەتانی، دۆشەک، جلوبەرگ، ئاوی خواردنەوە و کەرەستەی پاککردنەوە لەخۆ دەگرێت.”
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەوەی ئاو چووەتە ناو بەشێکی زۆری ماڵەکان و هاووڵاتییان ناتوانن خواردن دروست بکەن، بڕیاریان داوە مەتبەخی گەرم دابمەزرێنن. وتیشی: “تیمەکانمان لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان لەسەر خەتن بۆ ئەوەی لەمڕۆوە لە چەمچەماڵ و ناحیەی ڕزگاری دەست بە دابەشکردنی خواردنی گەرم بکەن.”
سەبارەت بە قۆناغەکانی دیکەی هاوکاری، مووسا ئەحمەد ڕوونی کردەوە دوای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، لە قۆناغی دواتردا کار لەسەر دابینکردنی سۆپا، نەوت و فەرش و کەلوپەلی ناوماڵ دەکەن بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد زۆرترین زیانەکان بەر قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی تەکیە، ڕزگاری، کەلار و ناحیەی لەیلان لە سنووری کەرکووک کەوتووە.
لە کۆتاییدا مووسا ئەحمەد جەختی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و یەکە ئیدارییەکان بەردەوام دەبن و وتی: “پەیامی ئێمە ئاخافتنێکی بارزگانی نەمرە کە فەرموویەتی ‘شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت’، لە هەمان کاتدا دروشمێکمان هەیە و بەردەوام ئەوەمان دووپات کردووەتەوە: تا خەڵک پێویستیان بە ئێمە بێت، لە خزمەتیاندا دەبین.”

