zagros news agency

دوای دوو مانگ لە چاوەڕوانی.. ٣ نەوتهەڵگری زەبەلاح بە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە لە گەرووی هورمز چوونە دەرەوە

 

داتاکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتیوانی (LSEG) و (Kpler) ئاشکرایان کرد، ئه‌مڕۆ چوارشەممە دوو نەوتهەڵگری زەبەلاحی جۆری (VLCC) لە گەرووی هورمز چوونەتە دەرەوە و نەوتهەڵگرێکی دیکەش لە ڕێگادایە بۆ دەرچوون، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە کەنداوەکەدا گیریان خواردبوو و شه‌ش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بارکردووە.

ئەم کەشتیانە لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەوە گەرووەکەیان جێهێشتووە کە لەلایەن ئێرانەوە دیاریکراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، جموجۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە توندی پەکی کەوتووە، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی پێداویستیی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.

دەقی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە کەشتییەکان:

  • کەشتی Universal Winner (کۆریای باشوور): ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی کوێتی بارکردووە و ئێستا لە گەرووەکە دەچێتە دەرەوە، بڕیارە لە ٩ی حوزەیران بگاتە بەندەری ئولسان لە کۆریای باشوور بۆ دابەزاندنی بارەکەی بۆ پاڵاوگەی (SK Energy).
  • کەشتی Yuan Gui Yang (چین): ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسرەی عێراقی بارکردووە، بەرەبەیانی چوارشەممە لە گەرووەکە چووه‌ دەرەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ٤ی حوزەیران بگاتە بەندەری شویدۆنگ لە باشووری چین.
  • کەشتی Ocean Lily (هۆنگ کۆنگ): ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوبەشی بارکردووە (ملیۆنێک نەوتی ئەلشاهینی قەتەری و ملیۆنێک نەوتی بەسرەی عێراقی)، ڕۆژی چوارشەممە دەرچووە و لە ٥ی حوزەیران دەگاتە بەندەری کوانژۆ لە چین.
  • کەشتی Yuan Hua Hu (چین): ئەم کەشتییەش کە ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو، هەفتەی ڕابردوو گەرووەکەی جێهێشتووە و بەرەو بەندەری چوشان لە ڕۆژهەڵاتی چین بەڕێکەوتووە.

له‌لایه‌کی دیکەوە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوتهەڵگرێکی بەتاڵی قوبرسی بە ناوی (Grand Lady) لە کەناراوەکانی دوبەی لەنگەری گرتووە و بە ئامێری نیشاندانی شوێنی (Transponder)ی کوژاوەوە چووەتە ناو گەرووی هورمز.

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێبەر ئەحمەد: لەکابینەی نۆیەم چاکسازیی گرنگ لە ئەدای دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ کراوە

سەڵاح

عێراق له پێوەری ئاشتی له ریزبەندی دواوەی جیهانی و عەرەبی دایه

یاسین

راگەیندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

یاسین