دوای کۆتایی هاتنی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ پیۆنگیانگ، هەریەکە لە چین و کۆریای باکوور دەستکەوتی گەورەی سیاسی و ستراتیژییان ڕاگەیاند. چاودێران پێیان وایە ئەم سەردانە پێگەی نێودەوڵەتی کیم جۆنگ ئونی بەهێزتر کرد و پەکینیش توانی پیۆنگیانگ زیاتر بەرەو جەمسەری خۆی ڕابکێشێت.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی ئەم دیدارە “بێدەنگبوونی چین” بوو لە ئاست پرسی چەکە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور. جێنی تاون، بەڕێوەبەری پرۆگرامی کۆریا لە سەنتەری “ستیمسۆن” ئاماژە بەوە دەکات کە فەرامۆشکردنی بابەتی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی شی و کیم، سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ڕێبەری کۆریای باکوور، چونکە ئەمە وەک دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆی چین بە کۆریای باکوور وەک “دەوڵەتێکی ئەتۆمی” لێکدەدرێتەوە.
شیکەرەوان دەڵێن چین لەم سەردانەدا ئامانجێکی سەرەکی هەبوو، ئەویش ڕێگریکردن بوو لە هەژموونی زیاتری ڕووسیا بەسەر کۆریای باکووردا. دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئون لە جەنگی ئۆکرانیادا هاوکاری سەربازی پێشکەش بە پۆتین کرد، پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و پیۆنگیانگ گەیشتنە ئاستێکی بێوێنە. ئێستا چین دەیەوێت لە ڕێگەی هاوکاری ئابووری و دیپلۆماسییەوە، هاوسەنگییەکە بۆ لای خۆی بگەڕێنێتەوە.
لە بەرامبەر پشتگیرییەکانی چین، کیم جۆنگ ئون جارێکی دیکە پشتگیری تەواوی وڵاتەکەی بۆ پرەنسیپی “یەک چین” و سەروەری پەکین بەسەر تایواندا دووپاتکردەوە. هەروەها هەردوولا باسیان لە “قووڵکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان” کردووە، کە ئەمەش پەیامێکی ڕاشکاوە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی دیکەی سەردانەکە، دەرنەکەوتنی “جو ئای” کچە تەمەن ١٣ ساڵانەکەی کیم جۆنگ ئون بوو، کە زۆرجار وەک جێگرەوەی داهاتووی باوکی ناو دەبرێت. چاودێران پێیان وایە غیابی ئەو لەم مەراسیمەدا پێوەندی بە توندیی پرۆتۆکۆلە فەرمییەکانی چینەوە هەبووە، کە ڕێگەیان نەداوە منداڵێک لە ڕیزی بەرپرسە باڵاکاندا دەربکەوێت.
هەرچەندە هەردوولا باس لە “سەردەمێکی نوێ” لە پەیوەندییەکانیان دەکەن، بەڵام شیکەرەوان دەڵێن هێشتا سنوورێک بۆ ئەم هاوپەیمانییە هەیە. سۆزی نێوان کیم و پۆتین زۆر زیاتر دەردەکەوێت وەک لەو پەیوەندییە فەرمییەی لەگەڵ شی جینپینگدا هەیەتی، بەڵام بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان وادەکات هەردوو وڵات لەم قۆناغەدا وەک یەک بەرەی یەکگرتوو بەرامبەر ڕۆژئاوا دەربکەون.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز

