سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕایگەیاند کە گەورەترین ئۆپراسیۆنی ملاحقەکردنی گەندەڵی لە عێراق بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران دەستیپێکردووە و تا ئێستا بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ٤٣ بەرپرس، سیاسی و بازرگان، و بڕیاریشە لە قۆناغی دووەمدا کەسایەتییەکانی “پلە یەک” بگرێتەوە.
سەرچاوەکه به شەفەق نیوزی راگەیاند: تۆمەتبارەکان پێکهاتوون لە فەرمانبەر، بەڕێوەبەری گشتی، پەرلەمانتار، سیاسی و پیاوانی کار (بازرگان). سەرجەمیان ڕادەستی دەستەی دەستپاکی (النزاهة) کراون بە چاودێریی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.
ئاشکراشی کرد: ئۆپراسیۆنەکە لە لایەن دەزگای دژەتێرۆر (مكافحة الارهاب) و فیرقەی تایبەتەوە (الفرقة الخاصة) جێبەجێ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: هەڵمەتەکە لە چەندین ناوچەی بەغدا (وەک ناوچەی سەوز، سەدر، شەعب، زەیونە، یەرمووک و مەنسوور) ئەنجامدراوە، هەروەها پارێزگاکانی بابل، میسان و هەولێریشی گرتووەتەوە. هاوکات هێزێکی ئەمنی چوونەتە ناو کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست (شركة نفط الوسط).
سەرچاوەکه دەڵێت: لە کاتی پشکنینی ماڵ و نووسینگەکانی دەستگیرکراوەکاندا، بڕە پارەیەکی زۆر و خەیاڵی دۆزراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە. هەروەها بڕیاری قەدەغەکردنی گەشت (منع سفر) بۆ چەندین سیاسی و بازرگان دەرچووە.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە هیچ ڕووبەڕووبوونەوە یان تەقەکردنێک ڕووی نەداوە، و جووڵاندنی زرێپۆش و تانکییەکان لە بەغدا تەنیا بۆ داخستنی دەروازەکانی ناوچەی سەوز بووە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو.
بە گوتەی سەرچاوەکه: پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا بەشی دووەمی ئەم هەڵمەتە دەستپێبکات کە تێیدا لایەنی سیاسی و پەرلەمانتار و بازرگانی گەورەتری “پلە یەک” دەستگیر دەکرێن.

