دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی هەولێر دوای هێرشی هاندەرانی یانەی شوڕتە بۆ سەر پاسەکانی هاندەرانی یانەی وەرزشی هەولێر و بریندارکردنی چەند هاندەرێک ، راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە .
ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە
دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی هەولێر بەداخەوە و بە توندی هەڵوێستی و ناڕەزایی خۆی دەربڕێت لەسەر ئەو ڕووداوە ناخۆش و مەترسیدارە و ترسنۆکانەی دوای کۆتاییهاتنی یاریی یانەکەمان بەراننەر یانەی شورتە لە شاری بەغدا ڕوویدا.
دوای تەواوبوونی یارییەکە، لە کاتێکدا هاندەرانی یانەکەمان بە ئارامی و بێ هیچ کێشەیەک یاریگەیان بەجێدەهێشت، بەداخەوە کۆمەڵێک لە هاندەرانی یانەی شورتە هێرشێکی ترسنۆکانە و نامرۆڤانەیان کردە سەر هاندەرانی یانەکەمان و پاسەکانی گواستنەوەی هاندەرانمان.
ئەم هێرشە تەنها سنووری کێشەیەکی ئاسایی لە نێوان هاندەران تێنەپەڕاندووە، بەڵکوو بووەتە هۆی پەلاماردانی پاسەکانی هاندەرانی یانەی هەولێر و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاندەرە خۆشەویستەکانمان، کە بە مەبەستی هاندان و پشتگیری لە یانەکەیان هاتبوونە بەغدا.
دەستەی کارگێرئ یانەی هەولێر ئەم کردارە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات و بە توندی ئیدانەی دەکات. تۆپی پێ وەرزشە و پێویستە هەموو کێبڕکێ و جیاوازییەکان لە ناو چوارچێوەی یاسا و گیانی وەرزشی بمێننەوە. جیاوازیی ڕەنگ، یانە و هاندەر نابێتە هۆی ئەوەی ژیانی کەسانێک بخەینە مەترسییەوە.
ئێمە لە یانەی هەولێر پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان دەردەبڕین و بە تایبەتی سەرەخۆشی و دڵسۆزیی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕین کە لەم ڕووداوەدا بریندار بوون، و هیوادارین بە زوویی چاکببنەوە.
لە هەمان کاتدا، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەزگاکانی ئاسایش، دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی شورتە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەین بە شێوەیەکی جددی و بەرپرسانە ئەم ڕووداوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و هەموو ئەو کەسانەی بەشداربوون لە پەلاماردانی هاندەرانی یانەی هەولێر و زیانگەیاندن بە پاسەکانیان، بەپێی یاسا و ڕێوشوێنی پێویست مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
هەروەها داوا دەکەین کە کامێرا و بەڵگە و ڤیدیۆکانی پەیوەندیدار بە ڕووداوەکە کۆبکرێنەوە و بە شێوەیەکی ورد پشکنین بکرێن، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە تەواوی بۆ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕوون بکرێنەوە و مافی هاندەرانی یانەکەمان بپارێزرێت.
لە کۆتاییدا، یانەی هەولێر داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە بەرپرسیارییەوە لەگەڵ ئەم بابەتە مامەڵە بکەن و ڕێگە نەدرێت دووبارە ڕووداوێکی لەم شێوەیە ڕووبداتەوە.

