لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، سیاسەتمەداری کورد شێرکۆ حەبیب جەخت لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە دواخستنی دامەزراوەی یاسادانان بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە قبووڵکراو نییە.
لە لێدوانەکەیدا، شێرکۆ حەبیب ئاماژەی بەوە دا کە پەرلەمان یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوەکانی سیستەمی دیموکراتی و کاراکردنەوەی تەنها بابەتێکی حزبی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مافەکانی هاووڵاتیان و چارەنووسی دیموکراسییەوە هەیە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بەرژەوەندیی گشتی و کارکردنی دامەزراوە یاساییەکان لە سەرووی هەموو حسابات و ناکۆکییەکی حزبی و سیاسییەوە بێت، چونکە بەشداریی نوێنەرانی پێکهاتەکانی وەک تورکمان و مەسیحییەکان لە دانیشتنەکاندا، ڕەنگدانەوەی راستەقینەی فرەڕەنگی و فرەپێکهاتەیی کۆمەڵگەی کوردستانە و مافی نوێنەرایەتی دەپارێزێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە خەڵکی کوردستان دەنگیان داوە بۆ ئەوەی نوێنەرەکانیان لە پەرلەماندا داکۆکییان لێ بکەن، نەک ئەوەی دەنگەکانیان لە ناو کێشە سیاسییەکاندا بێوەڵام بمێنێتەوە، و لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە پەرلەمان موڵکی هیچ حزب و لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو دامەزراوەی هەموو هاووڵاتیانە و پێویستە هەموو لایەک بە ئیرادەیەکی بەرپرسیارانەوە بەشداری لە کارەکانیدا بکەن.

