وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە بەپێی ئەوە پشتبەستن بە کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی لەبری پارەی کاش بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە دەبێتە ناچاری.
لە نووسراوێکی کۆمپانیای گشتیی پیشەسازی دانەوێڵە سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کە لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری دەرچووە و، هاتووە: “لەم مانگەوە (مانگی نیسان)، پارەدانی هاووڵاتییان بە بریکارەکانی خۆراک بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت لەبری کاش”.
لەلایەکی دیکەوە، لە ٢٠ی ئەم مانگەدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ٩٣ واژۆی پەرلەمانی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە لەو کارمەند و فەرمانبەرانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی بازرگانی پێشتر جەختی کردبووەوە کە بڕیاری بڕینی بەشەخۆراک تەنها حاڵەتە دیاریکراوەکان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە گەیشتنی پاڵپشتییەکان بەو کەسانەی شایستەن و داهاتیان سنووردارە، هاوکات وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەنگۆی بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەی ڕەت کردەوە کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.

