بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بواری هونەردا، خانەی فەرهەنگیی شین لە شاری سۆران وۆرکشۆپێکی ناوازە و پسپۆڕانە لەژێر ناونیشانی “ئەکتەری زیندوو و تەکنیکەکانی خۆئامادەکردن” بۆ هونەرمەند شوان عەتووف ڕێکدەخات.
ئەم وۆرک شۆپە کە بڕیارە لە ڕۆژانی 1 بۆ 3ـی ئایاری 2026 بەڕێوەبچێت، دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئارەزوومەندانی سینەما دەڕەخسێنێت تا لە نزیکەوە ئاشنای جیهانی نواندن و تەکنیکە نێودەوڵەتییەکانی کامێرا ببن. خانەی فەرهەنگیی شین ئاماژەی بەوە کردووە، بەشداریکردن لەم خولەدا بێ بەرامبەرە، بەڵام بەهۆی زۆری داواکاری و سنوورداریی شوێن، وەرگرتن بەپێی ناونووسینی پێشوەختە دەبێت.
شوان عەتووف تەنیا ئەکتەرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لە دیارترین سیماکانی سینەما و درامای کوردی لە دوو دەیەی ڕابردوودا. ئەو بە ڕۆڵە مێژووییەکانی لە فیلمە جیهانییەکانی وەک “ڕەشەبا” و “شوێنێک بۆ یاری” و زنجیرە دراما سەرکەوتووەکانی وەک “گەردەلوول” و فیلمی “09”، توانیویەتی ستایلێکی تایبەت بە خۆی لە نواندندا دابهێنێت کە تێیدا جەخت لەسەر زمانی جەستە و قوڵایی دەروونی ئەکتەر دەکاتەوە.
وۆرکشۆپەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر (14 تا 17) لە باڵەخانەی خانەی فەرهەنگیی شین لە شاری سۆران بەڕێوەدەچێت. ڕێکخەرانی چالاکییەکە جەختیان کردووەتەوە کە لە کۆتاییدا بڕوانامەی بەشداریکردن دەدرێتە ئەو گەنجانەی کە بەردەوام دەبن.

