zagros news agency

دەهەزار پارچە زەویی ئامادە كراون بۆ دابەشكردن

ئەمڕۆ یەکشەممە، 03ی ئایاری 2026، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی لە قۆناغەکانی پێشوودا دابەش کراون و لەم قۆناغەشدا ئەو فەرمانبەرانەی هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە، زەوییان پێ دەدرێت.

گوهدار شێخۆ لەو كۆنفراسە رۆژنامەوانیە گووتی، پرۆسەی تیروپشک بۆ وەرگرتنی زەوی لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ دەکات و بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکان رێک دەخرێت، بۆ قۆناغی یەکەمیش لە فەرمانبەرانی کشتوکاڵەوە دەست پێ دەکەن. پرۆسەکە نزیکەی چوار تاوەکوو شەش مانگ دەخایەنێت، بەڵام دڵنیایی دەدات هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێ زەوی نامێنێتەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد، شارەوانییەکانی زاخۆ ناوی زیاتر لە 13 هەزار فەرمانبەریان رەوانە کردووە و دوای وردبینی، زیاتر لە 10 هەزار پارچە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادە کراون. روونیشی کردەوە، ئەگەر هەر فەرمانبەرێک پێشتر سوودمەند بووبێت، مافی وەرگرتنی زەویی نامێنێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ باسی لەوە کرد، لیژنەی تایبەت پێکهێنراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتی و جووتیارانەی زەوییەکانیان بۆ ئەم پرۆسەیە بەکار هێنراوە. قەرەبووەکەش بە پێدانی زەوی، پارە یان موڵک دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو رێکارێکی پێویست گیراوەتە بەر.

ئەم هەنگاوەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە چوارچێوەی بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دێت بۆ پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی هەشت ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیە و پێشتر لە وەرگرتنی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوون. 

هەواڵی پەیوەندیدار

لێدوانێك لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سەبارەت بە ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە

دڵشاد

قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بەرەو تەواو دەچێت

دڵشاد

سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانی پارێزگای كەركووك كۆبووەوە

یاسین