تایلۆر سویفت، ئەستێرەی جیهانی، جارێکی دیکە سەلماندی کە تەنیا گۆرانیبێژ نییە، بەڵکو یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییەکان لە بەدەستهێنانی مافی هونەرمەندان.
دوای ئەوەی کۆمپانیای “Universal Music Group” بڕیاریدا نیوەی پشکەکانی لە پلاتفۆرمی “Spotify” بفرۆشێت کە بە 1.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، دەرکەوت کە بەشێکی زۆری ئەو داهاتە بۆ هونەرمەندانی کۆمپانیاکە دەبێت. ئەمەش بەهۆی بەندێکی یاساییە کە سویفت لە ساڵی 2018ـدا لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکەدا، بەردەوام جەختی لەسەر کردبووەوە بۆ پاراستنی مافی هەمووان.
سویفت ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، هەر قازانجێک لە فرۆشتنی پشکەکانی ئەو پلاتفۆرمە بەدەستبێت، نابێت تەنیا بۆ کۆمپانیا بێت، بەڵکو دەبێت بەسەر هونەرمەندەکاندا دابەش بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ قەرزێکی پێشوویان لێ بڕبدرێت.
ئەم هەڵوێستەی سویفت دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ پیشەسازی موزیک، چونکە ڕێگە بۆ هەزاران داهێنەر خۆش دەکات شایستە داراییەکانیان بەدەست بهێنن.
سویفت پێشتر هەڵوێستی هاوشێوەی لەگەڵ “Apple Music” هەبووە و بەردەوام بەرگری لە مافی دارایی هونەرمەندان کردووە لە بەرامبەر پلاتفۆرمە گەورەکانی پەخش.

