ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـ5-2026، بڵاویکردەوە، لە دوای راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، پێنج سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و 33 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ لەو سەربازانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کوژراون و دوو سەربازەکەی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراو گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە بریندارەکانیش، رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 31 لە سەربازە بریندارەکان بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە و دوو سەربازەکەی دیکەش لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ چەکدارەکاندا بریندار بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باشووری لوبنان گرژییەکی سەربازی و بۆردومانی دوولایەنە لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵا بەخۆوە دەبینێت، دوێنێ دووشەممە، حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە چەند پێگەیەکی سەربازی و کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل هێرشکردنە سەر چەند کۆگایەکی چەکی سەر بە حزبوڵڵای پشتڕاستکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، کە لە 2ـی ئاداری ڕابردووەوە تا ئێستا، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان گەیشتووەتە 2679 کوژراو و 8229 بریندار.

