وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی بەرزکردنەوەی پلەی 8 هەزار و 758 ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتەکەی لە چوارچێوەی خشتەی نەورۆزی 2026دا ڕاگەیاند.
وەزیری پێشمەرگە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو کارمەند و پلەدارانە کرد کە ناویان لەم خشتەیەدا هاتووە و هیوای سەرکوتنی زیاتری بۆ خواستن.
وەزیری پێشمەرگە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پلەبەرزکردنەوەیە مافێکی شایستە و یاسایی هێزەکانی پێشمەرگەیە، کە بەرهەمی دڵسۆزی، ماندووبوون و ئەرککێشانی بەردەوامیانە لە پاراستنی خاک، نیشتمان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستاندا. ئەو دووپاتی کردەوە کە پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری سەرسەختی ئەم هەرێمە بوون و شایستەی هەموو جۆرە ڕێز و پێزانینێکن.
بەپێی یاسا و ڕێنوێنییە کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوە و پێدانی سەرمووچە بەسەر دوو خشتەی ساڵانەدا (خشتەی نەورۆز و خشتەی ئەیلوول) دابەش دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەم بڕیارە نوێیەوە، جیا لە بەرزبوونەوەی ناونیشانی سەربازیی ئەو کارمەند و ئەفسەرانە، گۆڕانکاری و زیادبوون لە مووچەکانیشیاندا بکرێت.

