کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی نەسری سعوودی، لە لێدوانێکی نوێدا دڵتەنگیی خۆی بۆ نزیکبوونەوەی کاتی وازهێنانی لە یاریکردن نیشاندا و رایگەیاند، کە ئێستا تەنیا کار لەسەر ئەوە دەکات چێژ لەو کاتە وەربگرێت کە بۆی ماوەتەوە.
“مووشەکەکەی مادێرا” کە تەمەنی گەیشتووەتە 39 ساڵ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دوای یارییەکەی یانەکەی وتی: “هەوڵدەدەم چێژ لە یاریکردن وەربگرم، چونکە کۆتایی کاروانی وەرزشیم نزیکبووەتەوە، ئەوە راستییە و ناتوانرێت نکۆڵی لێبکرێت.”
رۆناڵدۆ کە خاوەنی پێنج خەڵاتی باڵۆن دۆرە، ئاماژەی بەوەش کرد کە چیتر ژمارە پێوانەییەکان بۆ ئەو لە پلەی یەکەمدا نین، بەڵکو ئەوەی ئێستا بۆ ئەو گرنگە، یارمەتیدانی یانەکەی و بەخشینی چێژە بەو هاندەرانەی کە لە هەموو جیهانەوە چاوەڕێی یارییەکانی دەکەن.
ئەم لێدوانانەی گۆڵکارە مێژووییەکەی تۆپی پێ لەکاتێکدایە، کە دەنگۆی زۆر لەبارەی کاتی وازهێنانی لە یاریکردن هەیە، بەتایبەت کە پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەیەوێت بەشداری لە مۆندیالی 2026دا بکات، بەڵام قسە نوێکانی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە هەست بەوە دەکات ساتەوەختی ماڵئاوایی یەکجاری لە یاریگاکان نزیک بووەتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی نەسر لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی کاتی وازهێنانی دیاری نەکردووە

