سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی ئاراستەی کرێکاران کرد و جەخت لە پابەندبوونی حکوومەت بۆ پاراستنی مافەکانیان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کرێکاران کرد و رایگەیاند: لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەم و هیوای تەندروستی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازم.
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، “ماندووبوون و ئەرک و کار و تێکۆشانی كرێكارانی كوردستان، لە پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان زۆر بە بەرزی دەنرخێنم”.
هەروەها پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کرێکاران دوپاتدەکاتەوە و دەڵێت، “لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پاراستنی مافەکانی کرێکاران و باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و کارکردنیان دووپات دەکەینەوە”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز دەکات و ئومێد دەخوازێت هەمیشە مافەکانیان پارێزراو بن و دوور بن لە هەموو جۆرە ستەملێکردن و چەوساندنەوەیەک.

