zagros news agency

ڕاوێژکارێکی ئێرانی ئامادەکاریمان بۆ ئەو سیناریۆیە کردبوو

 

مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، ڕایگەیاند، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر سێ پێگە ئەتۆمیەکەی ئێران “زیانێکی وا نەبووە نەتوانرێت چاک بکرێتەوە”، ئاماژەی بەوەش دا، تاران پێشوەختە ئامادەکاری بۆ ئەم سیناریۆیە کردبوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـ6-2025، مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، “ئەو هێرشەی کراوەتە سەر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، لە نزیک پارێزگای قوم، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبووە، ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئەو شوێنە چۆڵکرابوو”، گوتیشی: دوو شت دڵنیایین، “یەکەم، زانست و ڕۆشنبیری بۆردومان ناکرێت، دووەم، قومارچی شەڕ، ئەمجارە دۆڕاو دەبێت.”

مەهدی محەممەدی جەختیشی کردەوە، تاران چەند ڕۆژێکە پێشبینی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەکات، هەروەها بەرگرییە ئاسمانییەکانیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بەمەش کاریگەرییەکانی ئەو هێرشەی سنووردار کردووە، کە واشنتن گوتبووی، هێرشەکەی بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بی-2 کردووە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران، ئیرنا، ڕوونی کردەوە، شوێنە ئەتۆمییە ئامانجدارەکان، بەتاڵ بووە لە ماددە تیشکدەرەکان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵک کە هیچ تیشکێکی ئەتۆمی و کارەسات ڕوونادات.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان پشتڕاستکردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە دوای داخستنی پاڵاوگە نا یاساییەکان، کارگە و مۆلیدەى گەڕەکەکان پابەندى ژینگە پارێزى دەکرێن

یاسین

حوسێن ئەنوەر : ئەوانەی دەلێن كۆتایی پێدەهێنین مەبەستیان قەوارەی هەرێمە

گوران

فەرمانبەرانی وێستگەی کارەبای گاز بەهۆی بڕیارێکی کتوپڕ خۆپیشاندانیان کرد

سەڵاح