zagros news agency

دەریاوانانی هندی لە گەڕانەوە بۆ کەنداو دەترسن

دەریاوانانی هندی کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە تووشی شۆک بوون، دواجار دوای چەندین مانگ سەرگەردانی توانییان لە گەرووی هورمز بپەڕنەوە. هەندێکیان دەڵێن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان چارەیەکی دیکەیان جگە لە گەڕانەوە نییە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەڵێن “هەرگیز ناگەڕێنەوە”. لە کاتی دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هەزاران دەریاوانی هیندی کەنداویان جێ هێشتووە. زیاتر لە سێ هەزار و ٦٠٠ کەسیان بە هاوکاری وەزارەتی کەشتیوانیی هیندستان ئەو کارەیان ئەنجام داوە. لە کاتی ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی فارس بوونە ئامانجی هێرشەکان.
سیتارام تاندێلی تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی گوندێکی ماسیگرانی ویلایەتی گوجاراتی هیندستان، کاتێک لە کەشتییەکی بارهەڵگردا کاری دەکرد، لە نزیکەوە ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە بووەوە. ئەو بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای گوت: «شانس پشتی تێ کردین. بەیانییەکی زوو بوو و خەریکی خۆئامادەکردن بووم بۆ دەوامی خۆم کە هێرشمان کرایە سەر.» تاندێل دەڵێت: «کەس گیانی لەدەست نەدا، بەڵام دوای ئەوە هەموو کارمەندەکان تووشی خەمۆکی بوون. ئەوە ئەزموونێک بوو ژیانی گۆڕیم؛ ترسێک بوو وێنا ناکرێت.»
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کەشتیوانی هیندستان، لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٣٢٠ هەزار دەریاوانی هیندی لە کەشتیگەلە بازرگانییەکانی جیهاندا سەرقاڵی کار بوون. دوای هێرشە سەرەتایییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شوباتی ڕابردوو، تاران بە کردەیی گەرووی هورمزی داخست و ئەو کەشتییانەی لەو ناوچەیەوە تێدەپەڕین، ڕووبەڕووی مەترسی بوونەوە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، دواتر باسی ئەم هێرشانەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد و داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کرد تەناهیی دەریاوانە سڤیلەکان مسۆگەر بکات. هەندێک لە دەریاوانەکان وەک هێیرێنکومار پراوینبهای دەڵێن: «هیچ پارەیەک شایەنی ئەوە نییە گیانی خۆمی بۆ بخەمە مەترسییەوە و ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ هورمز.»

هەواڵی پەیوەندیدار

‎نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوەو گەیشتە 82 دۆلار

گوران

ئەمشەو دوو بەرپرسی باڵای پارتی و یەکێتی له بەغدا سەردانی لایەنەکانی عێراقی دەکەن

یاسین

دابەزینی نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا

سەڵاح