zagros news agency

یسرائیل کاتس: لە ناوچە تەنایییەکانی لوبنان، سووریا و غەززە ناکشێینەوە

 

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕای گەیاند هێزەکانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی نادیار لە ناوچە تەنایییەکانی لوبنان، سووریا و کەرتی غەززە دەمێننەوە و هیچ خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوە لەو ناوچانە لە ئارادا نییە.
کاتس لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ی لوبناندا کوژراون، جەختی کردەوە ئەوان لەو ناوچە تەنایییانە ناکشێنەوە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریی پێشووی خۆی بۆ ئێران دووپات کردەوە و گوتی ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە لوبنان هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە، بە هەموو هێزێکەوە دەکرێتە ئامانج.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن ڕۆژی هەینی ئیسرائیل و لوبنان بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێککەوتننامەیەکیان بە مەبەستی خۆشکردنی ڕێگەی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات و چەککردنی گرووپی حزبوڵڵا واژۆ کرد. سەرەڕای ئەمە، بەرپرسانی ئیسرائیل و لە سەروویانەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، چەندین جار ڕایان گەیاندووە تا کاتی چەککردنی تەواوەتی حزبوڵڵا لە سەرتاسەری لوبنان، هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە ناکشێنەوە.
حزبوڵڵای لوبنان سەرەتای مانگی ئازار بە هاویشتنی مووشەک بەرانبەر ئیسرائیل، وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، چووە ناو ململانێ ناوچەیییەکانەوە. ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی بەرفراوان و ئۆپراسیۆنی زەمینی لە باشووری لوبنان وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە سەرەتای ئەم ململانێیانەوە تا ئێستا نزیکەی چوار هەزار و ٣٠٠ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش ڕای گەیاندووە لە سەرەتای جەنگەکەوە، ٣٨ سەرباز و بەڵێندەرێکی سڤیل گیانیان لەدەست داوە.
ئیسرائیل دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، چەندین هێرش و ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە سووریا ئەنجام داوە و دەڵێت ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک لە باشووری ئەو وڵاتەیە. لە کەرتی غەززەش هێزە ئیسرائیلییەکان نزیکەی ٧٠٪ی ئەو ناوچەیەیان لەژێر دەستدایە. لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، سوپای ئیسرائیل و حەماس یەکتر بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێف بی ئای: کەسێکی پاکستانی پلانی کوشتنی ترەمپ داناوه‌ کە پەیوەندیی بە ئێرانه‌وه‌ هەیە

سەڵاح

راگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر

یاسین