ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە “کۆشکی گەل” لە دیمەشق، ڕێککەوتنی خۆیان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی ئابووری هاوبەش بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا ڕاگەیاند. ئەم کۆبوونەوەیە وەک ئامادەکارییەک بوو بۆ واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری جۆراوجۆری وەبەرهێناندا.
لە دیدارەکەدا باس لەوەکرا، کە سووریا کار بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی هاوچەرخ کە لەلایەن یاسا و دامەزراوەکانەوە بەڕێوەببرێت، دەکات، چونکە سەرمایە هەمیشە بەدوای ژینگەیەکی ئارام و بەستراوەوە بە جیهان دەگەڕێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، دۆسیە پێشکەشکراوەکان پێکهاتوون لە نوێکردنەوەی هێڵی ئاسمانی، بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەکان، نوێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، گەڕان بەدوای وزەدا، گەشەپێدانی تۆڕەکانی کارەبا و ئاو، بنیاتنانی ژێرخانی دیجیتاڵی و سیستمی باری شارستانی.
هەروەها کۆمپانیای (CMA CGM)ی فەرەنسی پێش 14 مانگ گرێبەستی گەشەپێدانی بەندەری لازقیەی بە بەهای 230 ملیۆن یۆرۆ واژۆ کردووە، و ئێستاش بڕیاری داوە 200 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەندەرەکە زیاد بکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیە دیمەشق پێگەی گرنگی خۆی وەک ئەڵقەیەک بۆ بەستنەوەی دەریای ناوەڕاست بە کەنداو و عێراق گەڕاندەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، پاریس ئامادەیە بۆ بنیاتنانی متمانە لەگەڵ سووریا و ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەی ئابووری فراوان بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.
گوتیشی: فەرەنسا دەیەوێت ببێتە هاوبەش لە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی، وزە، ژێرخان و ئابووری لە سووریا.
دەشڵێت “هیچ شتێک ناتوانێت خواستەکانی ژنان و پیاوانی سووریا بۆ ژیان لە وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواو، ئارام، فرەکولتوور و یەکگرتوو کز بکات.”
سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی “ڕۆیتەرز” بڵاویکردەوە چەند تەقینەوەیەک لە نزیک ئەو هۆتێلە ڕوویداوە کە سەرۆکی فەرەنسا تێیدا ماوەتەوە، کۆشکی ئەلیزێ ڕایگەیاند، ماکرۆن دەنگی تەقینەوەی نەبیستووە و بەرنامەی سەردانەکەی وەک خۆی بەردەوامە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

