لە ڕۆژی شەممە و بەرەبەیانی یەکشەممەدا، شەڕ و ئاڵۆزییە نێوان و بۆ سەر کەشتییە سەربازی و نەوتبەرەکان زیاتر بووە و نزیکەی ١٠ ئامانج لە یەک ڕۆژدا کرانە ئامانجی هێرش. ئەم پەرەسەندنە دەکرێت نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە ملمڵانێی نێوان دوو لایەنەکە بێت.
لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریایی ئەمریکا، «نەوتبەرە ئێرانییەکان دەخنکێنێت»، سەنتەری سەربازیی خاتەمالأنبیای ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەوانەیە لە داهاتوودا «توندتر لە جاران» بن.
هێرشەکانی ئێران
سوپای پاسدارانی ئێران، شەوی شەممە و بەرەبەیانی یەکشەممە، ڕایگەیاند کە زەربەی لەسەر بەلەمێکی بێسەرنشینی ئەمریکی داوە؛ بە گوتەی ئەو سوپایە، بەلەمەکە هەوڵی چوونە ناو ناوچەیەکی پارێزراوی لە تەنگەی هۆرمز داوە.
پاسداران هەروەها جەختی کردەوە کە تەنگەی هۆرمز لە ژێر بەڕێوەبردنی ئێرانە و هەر هەنگاوێکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە قورسایی وەڵام دەدرێتەوە.
پێشتر، ئێوارەی شەممە، دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاندبوو کە ٣ نەوتبەری ئامانج گرتووە؛ ئەوەی بە گوتەی ئێران لە ڕێڕەوێکی «ڕێگەپێنەدراو» لە تەنگەی هۆرمزدا دەڕۆیشتن. هەروەها ڕایگەیاند کە ٣ کەشتی ئەمریکییشی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیاندنەکەی دەریایی پاسداران، ئەم هێرشانە وەڵامی هێرشی ئەمریکا بوونە بۆ سەر ٣ نەوتبەری ئێرانی کە پێشتر لە هەمان ڕۆژدا کرابوونە ئامانج.
دەریایی پاسداران هۆشداریشی داوە بە هەموو کەشتییەکان کە لە ڕێڕەوە ڕێگەپێنەدراوەکان دوور بکەونەوە، چونکە بە گوتەی ئەو هێزە، کەشتییەکان لەو ڕێڕەوانەدا دەکرێنە ئامانج.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، ٣ نەوتبەر لە ڕۆژهەڵاتی تەنگەی هۆرمز کرانە ئامانج؛ ناوچەیەک کە بە خاڵی دەستپێکی ڕاستەقینەی ئەو گەمارۆییەی ئەمریکا بۆ سەر تەنگەکە دادەنرێت.

