توێژینەوەیەکی گۆڤاری پزیشکیی “لانسێت” ئاشکرایکرد، ساڵی 2023 زیاتر لە 2.7 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەرکەوتەی دووکەڵی جگەرە بوون. ئەو بەرکەوتنەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 1.7 ملیۆن کەس.
توێژینەوەکە جەخت دەکاتەوە، جگەرەکێشان هێشتا هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشی و مردنی پێشوەختەیە لە ئاستی جیهاندا.
سێشەممەی رابردوو توێژینەوەکە بڵاوکرایەوە و پشت بە پێداچوونەوەی داتا و زانیارییەکانی بنکەدراوەی “پابمێد”ـی ئەمریکی و راپرسیی دانیشتووان دەبەستێت. بەپێی توێژینەوەکە، لەو 2.7 ملیار کەسەی بەرکەوتەی دووکەڵی جگەرە بوون، 767 ملیۆن کەسیان منداڵ بوون کە تەمەنیان لە نێوان 0 بۆ 14 ساڵیدا بووە.
مەزەندە دەکرێت ئەو بەرکەوتنە هۆکاری 1.66 ملیۆن حاڵەتی مردنی پێشوەختە بووبێت، جگە لە دروستبوونی حاڵەتی کەمئەندامی و نەخۆشیی درێژخایەن. نەخۆشییەکانی دڵی ئیسکیمی، کە بەهۆی کەمیی گەیشتنی ئۆکسجین بە ماسولکەکانی دڵ روودەدەن، لە پێشەنگی ئەو نەخۆشییانەن کە بەهۆی بەرکەوتنی دووکەڵەوە دروست دەبن. لە هەمان ساڵدا، دووکەڵی جگەرە هۆکاری تووشبوونی 5.2 ملیۆن منداڵ بووە بە هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە.
توێژینەوەکە روونیکردەوە، ئەو کەسانەی لە نزیک کەسی جگەرەکێش دەمێننەوە، بەر دووکەڵی لاوەکی دەکەون کە لە بەرهەمی سوتاوی تووتن و ئەو دووکەڵەش پێکدێت کە جگەرەکێشەکە دەریدەکات. دووکەڵی لاوەکی بەهۆی ئەوەی پاڵێوراو نییە، رێژەی زیاتری ماددە ژەهراوییەکان و شێرپەنجەیی لەخۆدەگرێت بەراورد بەو دووکەڵەی جگەرەکێشەکە هەڵی دەکێشێت.
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 1990ـەوە رێژەی جگەرەکێشان لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام ژمارەی رههای ئەو کەسانەی بەرکەوتەی دووکەڵن وەک خۆی ماوەتەوە. هۆکاری ئەم دۆخە بۆ گەشەی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی رێژەی بەرکەوتن لە ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.
توێژینەوەکە داوای لە حکوومەتەکان کردووە رێوشوێنی توندتر بۆ سنووردارکردنی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان و ماڵاندا بگرنەبەر. هاوکات جەختیکردەوە، هیچ ئاستێکی سەلامەت بۆ هەڵمژینی دووکەڵی جگەرە بوونی نییە.

