نیشانەکانی وەک خێراییی ڕۆیشتن، هێزی گرتنی شتەکان بە دەست و توانای ماسولکەکانی قاچ، دەتوانن ساڵانێک پێش دەستنیشانکردنی خڵەفان، یارمەتیی ناسینەوەی سەرەتای ئەم نەخۆشییە بدەن.
ئەنجامی شیکارییەکی نوێ لەسەر زیاتر لە ٩٠٠ بەساڵاچوو، نیشان دەدات خێراتر ڕۆیشتن ڕەنگە سەرەتای خڵەفان لەو کەسانەدا دوابخات نیشانەکانی سەرەتاییی تێکچوونی ناسینەوە دەردەخەن. توێژەران دەڵێن خێراییی ڕۆیشتن، بەتایبەت ئەو هێزەی قاچەکان بۆ پاڵنانی جەستە بۆ پێشەوە بەکاریدەهێنن، دەتوانێت مەترسیی کەمبوونەوەی تواناکانی ناسینەوە لەو کەسانەدا بگۆڕێت کە زیاتر لەوانی تر لە مەترسیی تووشبوون بە خڵەفاندان.
بە گوتەی زانایان، ئەم نەخۆشییە دەمارییە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا تووش کردووە و ڕەنگە ژمارەی تووشبووانی تا ساڵی ٢٠٥٠ سێ هێندە ببێت و بگاتە نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کەس.
هەرچەندە هەندێک دەرمانی نوێ بۆ چارەسەرکردنی خڵەفانی بەهۆی ئەلزایمەرەوە لە قۆناغە سەرەتایییەکانیدا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هێشتا لە خاوکردنەوەی پڕۆسەی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ئاستی نێو کۆمەڵگەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە.
ئەنجامی ژمارەیەکی زۆری توێژینەوەکان نیشان دەدەن نیشانەکانی وەک خێراییی ڕۆیشتن، هێزی گرتنی شتەکان بە دەست و توانای ماسولکەکانی قاچ، دەتوانن ساڵانێک پێش دەستنیشانکردنی خڵەفان، یارمەتیی ناسینەوەی سەرەتای ئەم نەخۆشییە بدەن. ئەم نیشانانە پەیوەندییان بە کارکردی جێبەجێکاریی مێشکەوە هەیە، کە کۆمەڵێک لێهاتوویی دەروونی لەخۆ دەگرێت بەرپرسیارن لە پلاندانان، خۆکۆنتڕۆڵکردن و توانای گواستنەوە لە نێوان ئەرکە جیاوازەکاندا.
ئێستا توێژەران دەڵێن ئەم نیشانانە تەنها پەیوەندییان بە دابەزینی تواناکانی ناسینەوەوە نییە، بەڵکو ڕەنگە توندیی ئەم دابەزینە لە بەساڵاچوواندا ڕێک بخەن.
بۆ ئەم شیکارییە نوێیە، توێژەران نزیکەی ٩٠٠ کەسی تەمەن ٦٠ بۆ ٨٥ ساڵیان لە ناوچەی باسک لە ئیسپانیاوە لە ڕێگەی شارەوانییەکان، ناردنی نامە و هەڵمەتە ڕاگەیاندنەکانەوە کۆ کردەوە. هەموو بەشداربووان لە هەڵسەنگاندنی مەترسیی تووشبوون بە خڵەفان نمرەیەکی بەرزیان هەبوو و تووشی لاوازیی ناسینەوەی سووک ببوون، بەڵام تووشی خڵەفان نەببوون. بۆیە، لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئەوان دەرفەتێکی بۆ ناسینەوەی قۆناغی پێش-کلینیکیی دابەزینی تواناکانی ناسینەوە ڕەخساند.
سەرەتا کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی ناسینەوە لە بەشداربووان وەرگیران و پاشان داوایان لێ کرا مەودایەکی شەش مەتری بە خێراییی ئاساییی خۆیان ببڕن. لەم قۆناغەدا، ئامێرێکی کۆدکەر، زۆرترین توانای ئەندامەکانی خوارەوەی جەستەی لە کاتی گرژبوونی ماسولکەکاندا تۆمار دەکرد و هێزپێوەرێکی دەستیش زۆرترین هێزی گرتنی شتەکانی بە دەست دەپێوا.
توێژەران دۆزینەوەکانیان پاش ڕێکخستنی کاریگەریی فاکتەرەکانی وەک ڕەگەز، دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری، پێنوێنی بارستەی جەستە، نیشانەکانی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، شەکرە، بەرزیی پەستانی خوێن، تێکچوونی چەوریی خوێن و بەکارهێنانی تووتن، شیکار کرد. ئەوان دۆزییانەوە کاریگەریی زیادبوونی تەمەن لەسەر کارکردی مێشک لە خێراییی ڕۆیشتنی سەرووی ١.٥٩ مەتر لە چرکەیەکدا دەست بە کەمبوونەوە دەکات و لە خێراییی ١.٨٣ مەتر لە چرکەیەکدا چیتر نادۆزرێتەوە.
بە هەمان شێوە، کاریگەریی تەمەن لەسەر کارکردی مێشکیش کاتێک هێزی گرتنی شتەکان بە دەست گەیشتە ٤٨.٨ کیلۆگرام و توانای ماسولکەکانی قاچ گەیشتە ٤٣٨ وات، چیتر نادۆزرێتەوە.
بەڵام، وادیار بوو کاریگەریی ڕێکخەریی خێراییی ڕۆیشتن تەنها بۆ پیاوان سنووردار بێت و تەنها ١٤%ی پیاوانی بەشداربوو لەم توێژینەوەیەدا دەیانتوانی بە خێراییی زیاتر لە ١.٥٩ مەتر لە چرکەیەکدا بڕۆن.
توێژەران لە وتارێکدا کە لە «گۆڤاری کاشکسی، سارکۆپینیا و ماسولکە» بڵاو کرایەوە، گوتیان: «لە بەساڵاچوواندا کە زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە خڵەفاندان، کارکردی جەستەیی باشتر پەیوەندیی بە لاوازتربوونی نێوان تەمەن و کارکردی جێبەجێکاریی مێشکەوە هەبوو و ئەم پەیوەندییە سەربەخۆ بوو لە فاکتەرە کۆمەڵایەتی و ئابووری، سۆزداری، پێکهاتەی جەستەیی و دڵ و دەمارەکان.»
توێژەران هۆشدارییان دا ئەم ژمارانە هێشتا پێوەرێکی سنووردار نین بتوانرێت لە نۆرینگە پزیشکییەکان بەکاربهێنرێن. ئەوان داوای توێژینەوەی زیاتریان لە ماوەی درێژخایەنتردا کرد بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا «پاراستنی ئاستێکی بەرزی کارکردی جەستەیی یارمەتیی پاراستنی کارکردی جێبەجێکاریی مێشک دەدات و دەتوانێت لە داڕشتنی ستراتیژییەکانی خۆپاراستندا کاریگەر بێت یان نا.»

