zagros news agency

مایک جۆنسن : نیگەرانە لە شێوازی سزادانی نیدال حەسەن

مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەندامی حیزبی کۆماری، دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی «سی‌بی‌ئێس نیوز»، نیگەرانی خۆی لە پەخشی ڕاستەوخۆی ئەگەریی پرۆسەی لە سێدارەدانی نیدال حەسەن، پزیشکی دەروونی پێشووی سوپای ئەمریکا، بە ڕێگای تەقەکردن دەربڕی.

حەسەن، کە بەرپرسی هێرشی ساڵی ٢٠٠٩ بووە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە بنکەی «فۆرت هود»، لەو هێرشەدا ١٣ سەربازی کوشت.

جۆنسن لەبارەی پەخشی ڤیدیۆی لە سێدارەدانی گوتی: «نیگەرانییەکە ئەوەیە کە ڤیدیۆیەک ئامادە بکرێت و دواتر وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی تیرۆریستانی داهاتوو بەکاربهێنرێت». ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کاریگەرییە سیاسییەکانی ئەم بڕیارەش لەبەرچاو بگیرێن.

پێشتر، پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە نیدال حەسەن بە ڕێگای تەقەکردن  دەکرێت؛ ئەمەش دەبێتە یەکەم ئێعدامی ئەنجامدراو لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە ساڵی ١٩٦١ەوە، هەروەها یەکەم ئێعدامی سەربازی بە ڕێگای تەقەکردنە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکە، بڕیار وابووە لە سێدارەدان بە ڕاستەوخۆ لەسەر ئینتەرنێت پەخش بکرێت، بەڵام ئەم بیرۆکەیە لەنێو هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتدا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.

جۆنسن لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو ئەندامانی هاوحیزبییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری ئەم بیرۆکەیە ناکەن.

لە بەرامبەردا، دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پەسەندی لە سێدارەدانی حەسەنی کردووە، گوتی هێشتا بڕیار لەبارەی پەخشی ڕاستەوخۆیەوە بە کۆتایی نەگەیشتووە.

هەروەها، ئادام تیل، وەزیری سوپای ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە ئێعدامەکە لە ٣ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا لە بنکەی سەربازی «فۆرت هود» ئەنجام دەدرێت.

ئەم بڕیارە جارێکی تر مشتومڕی لەبارەی سزای ئێعدام و سنووری گۆڕینی سزای یاسایی بۆ نمایشێکی گشتی زیندوو کردووەتەوە؛ لە وڵاتێکدا کە نزیکەی ٩٠ ساڵە ئێعدامی گشتی تێیدا ئەنجام نەدراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگارى هەولێر: “چەند کەموکوڕییەک هەیە لە شاری هەولێر کە لە کاتی بارانبارینی زۆر، ئاوێکی زۆر تێیدا پەنگدەخواتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەریان دەکەین”

دڵشاد

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: هەموو پردەکانی سەر ڕووباری لیتانی وێران دەکەین

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى خوالێخۆشبوو ئاكۆ عه‌باس ئاغا ده‌كات

سەڵاح