هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە ڕایانگەیاند، توانیویانە دوو مووشەکی بالیستی تێکبشکێنن کە لەلایەن گرووپی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەنەوە بەرەو شاری «خەمیس مشیت» لە باشووری سعودیە ئاراستە کرابوون.
ئەم ڕاگەیاندنەی هاوپەیمانی لە کاتێکدایە، تەنیا چەند کاتژمێرێک پێشتر مووشەکێکی دیکەی بالیستی کە بەرەو ڕیازی پایتەخت هاوێژرابوو، لە ئاسماندا تێکشکێندرابوو.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حوسییەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز ڕێکاری ئەمنیی نوێی گرتەبەر و سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی ئەمریکای لە سعودیە ناچار کرد کە پێش بەکارهێنانی «هەر فڕۆکەخانەیەکی ئەو وڵاتە»، دەبێت مۆڵەتی فەرمی و تایبەت وەربگرن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: «پێویستە کارمەندانی حکوومەتی ئەمریکا لە سعودیە مۆڵەتی تایبەتیان هەبێت بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکان.» هاوکات هۆشداریشی داوەتە سەرجەم هاووڵاتیانی ئەمریکی لەو وڵاتە کە لە کاتی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی سعودیەدا «وپەڕی وریایی و ئاگاداری» بنوێنن بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکانەوە.
ئەم بڕیارەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دوای زنجیرەیەک ڕێکاری پلەبەپلە دێت؛ سەرەتا هەفتەی ڕابردوو تەنیا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی «مەلیک خالید»ی لە ڕیاز گرتەوە، دواتر فڕۆکەخانەکانی جەددە و دەمامیشی پێوە زیادکرا، بەڵام ئێستا بڕیارەکە فراوان کراوە بۆ ئەوەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی شانشینی عەرەبیی سعودیە بگرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی هێڵەکانی فڕین و سەلامەتیی گەشتیاران لە ناوچەکەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە.

