بەشی فارسیی پۆرتاڵی بیبیسی راپۆرتێکی درێژی دەربارەی کشانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێڤاژۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردووتەوە و ئەمە دەقی ڕاپۆرتەکەی بەشی فارسیی بیبیسی”یە:
گەورەترین حزبی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند، بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم هەرێمەی کردووە.
بیبیسی، لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەی دا نووسیویەتی: مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی 18ی ئادار بڵاویکردەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی بە “ناشەرعی” و “پێچەوانەی دەستوور” نێوبرد. ئەم بڕیارە دوای ئەوە ڕاگەیەندرا کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لابردنی پشکی کەمینەکانی لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد.
ئەم دادگایە لە ٢٢ی شوباتدا ڕایگەیاند، ئەو ١١ کورسیەی بۆ کەمینەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراون، “نادەستوورین”. پێشتر لە 111 کورسی پەرلمانی ئەم هەرێمە 11 کورسی بۆ کەمینەکان تەرخان کرابوو.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بەغدا، چەند لایەنێکی مەسیحی و تورکمانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند بەشداری هەڵبژاردن ناکەن.
بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن حزب و گروپە مەسیحییەکانی هەرێمەوە پشتیوانیی لێکراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بە “پێشێلکارییەکی ڕوون و مەترسیدار لە دەستوور” وەسف دەکات و دەڵێت هەوڵێکە بۆ “گەڕانەوەی عێراق بۆ سیستمێکی مەرکەزی” و ئەمەی وەک درێژەدان بە کارەکانی دادگا لە دەرکردنی “بڕیاری نادەستووری دژی هەرێمی کوردستان” لە چوارساڵی ڕابردوودا وەسف کردووە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: پارتی دێموکرات هەمیشە لایەنگری فەراهەمکردنی بناغە و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بووە، کە لانیکەم بوونی یاسایەکی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە لەخۆدەگرێت کە تێیدا نوێنەرایەتیهی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستانی تێدا مسۆگەر کراوە.”
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە چەند مادەیەکی دەستووریش کراوە کە لە ساڵی 2005 لە عێراق پەسەند کراون و باس لەوە دەکەن کە دەستوور دان بە هەرێمی کوردستان و حکومەتی دەسەڵاتداردا دەنێت تێیدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی و لە حاڵەتی ناکۆکی یان حاڵەتێکدا کە دەسەڵاتی بە ڕوونی نەدراوە بە حکومەتی ناوەندی، یاساکانی خوجێی لە بەرانبەر بڕیاری دەوڵەتی فیدرلا دا لە ئەولەویەتدا دەبن.
لەم بەیاننامەیەدا دەشڵێت: “پێمانوایە لە بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەکەماندایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ملکەچی جێبەجێکردنی حوکمێکی نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دامەزراوە یاساییەکان نەبێت.
بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کاردانەوەی گروپە سیاسییە جیاوازەکان و دامەزراوە بیانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، زۆربەیان هیوایان دەربڕیوە بارودۆخی ئێستا بۆ قەیرانی سیاسی نەگۆڕێت.
خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەداری سوننە و بەرپرسی هاوپەیمانی ئەلسیادە هۆشداری دەدات بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و ئەگەری کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی “دەتوانێت داهاتووی عێراق بخاتە مەترسییەوە”.
خەمیس خەنجەر، لە بەیاننامەیەکدا کە لە 19ی ئازاردا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” بڵاویکردەوە، نووسیویەتی: گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان تاکە ڕێگەی باشە.
عەمار حەکیم، سیاسەتمەداری شیعە و بەرپرسی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە پۆستێکیدا لەسەر ئێکس، نیگەرانیی خۆی لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی و نووسیویەتی: هیوادارە ئەم حیزبە بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە.
هەروەها یونامی، نێردەی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە پۆستێکدا لە کەناڵی ئێکس باسی لە بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کردووە.
ئەم ڕێکخراوە بە جەختکردنەوە لە گرنگیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی عێراق نووسیویەتی: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لە بەرژوەندیی خەڵک مامەڵە بکەن و لە جیاتی چەقبەستووییەکی دیکەی درێژخایەن، بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن.
ئیلینا ڕۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە پۆستەکانیدا بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاند، “نیگەرانی” لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و داوای لە حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد “دڵنیایی بدەن”. هەڵبژاردنی ئازاد بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف و ڕەوا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.”
رۆمانوڤسکی گوتوویەتی: “پێویستە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دیاریکردنی چارەنووسی داهاتوویان ڕۆڵیان هەبێت “.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو