ڕۆژی سێشەممە، ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، شاندێکی باڵای دەم پارتی پێکهاتوو لە پەروین بوڵدان، میتهات سەنجار و ئۆزگور ئێرۆڵ، سەردانی بارەگای گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد لە ئەنقەرە و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و شاندی یاوەرەکەی کۆبووەوە. ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
ئۆزگور ئۆزەل دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، جەهەپە خوازیارە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی پێکەوە بەڕێوە بچن. گوتی، پێکەوە دەتوانن ئاشتی و دیموکراسی بنیات بنێن. ئۆزەل دووپاتی کردەوە، دەبێت لە تورکیا و سووریا، بۆ کورد و تورک، بۆ درزی و عەلەوی و تورکمانەکان، دوو دەوڵەت هەبن کە لەسەر بنەمای دەستوور، دیموکراسی و ئاشتیخواز بن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئاشتی، برایەتی و دیموکراسی بۆ تورکیا و سووریاش دەخوازن. گوتی، دەبێت لە هەردوو دیوی سنوور دیموکراسی هەبێت و برایەتی هەردوو دیوی سنوور بە ئاشتیانە بەردەوام بێت.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتیی ئیمرالی، گوتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەرهەمدار بوو. ئاماژەی بەوە کرد، قۆناغەکانی پرۆسەکەیان بە شێوەیەکی فراوان تاوتوێ کرد. بوڵدان گوتی، پرسی کورد لەسەرووی سیاسەتەوەیە و چارەسەرکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەمووانە. ڕایگەیاند، تورکیا شایانی ئاشتییە و بە درێژایی ساڵانێکی زۆر خوێنێکی زۆر ڕژاوە. دووپاتی کردەوە، بۆ دووبارە نەبوونەوەی بارودۆخێکی وەها، دەبێت هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە بجووڵێنەوە.
میتهات سەنجار، ئەندامێکی دیکەی شاندەکە، گوتی دەزانن ئەم پرۆسەیە فراوان و دژوارە. بەڵام ڕۆحی پرۆسەکانی وەها نەک ڕکابەری، بەڵکو دانوستانە. گوتی، ڕکابەری لەسەر بنەمای سەرکەوتن و شکستە، بەڵام دانوستان دیالۆگ و گوێگرتنە. سەنجار وەسفی ئەم کۆبوونەوەیەی کرد و گوتی، نموونەیەکی باشی دانوستان بوو. ئاماژەی بەوە کرد، هەموو پێکەوە بۆ دیموکراسی و ئاشتی کار دەکەن.
شاندی ئیمرالی ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە و بە پێشنیاری ئەو بڕیاری دا پەیوەندی بە پارتە سیاسییەکانی دیکەوە بکات. ئۆجەلان جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر بارودۆخ ڕێگە بدات، ئەو توانای تیۆری و پراکتیکی هەیە پرۆسەکە لە ململانێ و توندوتیژییەوە بگوێزێتەوە بۆ پلاتفۆرمێکی یاسایی و سیاسی.
وابڕیارە شاندی ئیمرالی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە. هەروەها لە پلانەکانی شاندەکەدا دیدارێک لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا هەیە.

