یەکێتی ئەورووپا پاش دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، ڕابەری پێشووی ڤەنزوێلا، لەلایەن ئەمریکاوە و گواستنەوەی بۆ دادگاییکردن، جەختی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەم وڵاتە کردەوە.
کایا کاڵاس، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی، “مافی گەلی ڤەنزوێلا بۆ بڕیاردان لەبارەی داهاتووی خۆیانەوە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت.”
ئەم هەڵوێستە لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپاوە، جگە لە هەنگاریا، واتە بە گشتی ٢٦ وڵات، پشتیوانی لێ کراوە.
لەو پەیامەدا هاتووە، یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراسییانە، گشتگیر و ئاشتییانە بۆ قەیرانەکە لە ڕێگەی گفتوگۆوە، لەژێر ڕابەرایەتی خۆیاندا لە پەیوەندییەکی نزیک دایە.
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی یەکێتی ئەورووپا لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکا داوای ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کرد. ئەو دووپاتی کردەوە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراوی سنووربەزێن و بازرگانیکردنی ماددە بێهۆشکەرەکان گرنگی هەیە، بەڵام هاوکات گوتوویەتی، ئەم ئاستەنگانە دەبێت لە ڕێگەی هاوکاری بەردەوامەوە و بە ڕەچاوکردنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی وڵاتان بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
کاڵاس هەروەها دەڵێت، لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤیش گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە. ئەو جەختی کردەوە، “هەموو زیندانیانی سیاسی کە لە ئێستادا لە ڤەنزوێلا دەستبەسەر کراون، دەبێت بێ مەرج ئازاد بکرێن.”
بە گوتەی کاڵاس، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ یەکتردا بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییەکانیان، لەوانەش ئەوانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ڤەنزوێلا دەستبەسەر کراون، لە هاوکارییەکی چڕوپڕ دان.

