zagros news agency

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: وڵاتان بە خێرایییەکی بێوێنە کۆگاکانی نەوت بەکار دەهێنن

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ڕایگەیاند، جیهان لە مانگی نیساندا ١١٧ ملیۆن بەرمیل دیکەی لە کۆگاکانی نەوتی خۆی لەدەست داوە. ئەم دابەزینە دوای ئەوە دێت لە مانگی ئازاردا و هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ١٢٩ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکان کەم بووەوە. ئەم دامەزراوەیە هۆشداریی دا کەمبوونەوەی خێرای یەدەگی نەوت لە کاتێکدا پچڕانی دابینکردن بەردەوامە، دەبێتە هۆی بازدانی نوێی نرخ لە داهاتوودا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژەی بەوە کرد لەو ٤٠٠ ملیۆن بەرمیلەی بڕیار بوو لە مانگی ئازاردا لە کۆگاکانی باری نائاساییی ئەندامانەوە بخرێتە بازاڕەوە، تا ئێستا نزیکەی ١٦٤ ملیۆن بەرمیلی ئازاد کراوە. ئەم دامەزراوەیە گوتی خێراییی ئازادکردنی کۆگاکانی باری نائاسایی لە نیساندا زیاتر بووە و بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا قەبارەیەکی زۆرتر بخرێتە بازاڕەوە.
ئاژانسەکە هۆشداریی دا بە نزیکبوونەوەی وەرزی گەشتەکانی هاوین لە نیوەگۆی باکوور، نیگەرانییەکان دەربارەی کەمیی دابینکردنی نەوت زیاتر بوونە. کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییش هۆشدارییان داوە ئەگەر پچڕانەکانی ئێستا بەردەوام بن، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕەنگە ڕووبەڕووی کەمیی سووتەمەنیی فڕۆکە ببنەوە. هەروەها گوتی بەهۆی دابەزینی بێوێنەی کۆگاکانی جیهان، لە کاتی گەیشتن بە لووتکەی خواست لە هاویندا، ئەگەری ناسەقامگیریی زیاتری نرخەکان هەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە باسی لەوەش کرد بەرزبوونەوەی توندی نرخەکان لەگەڵ لاوازیی سیستەمی ئابووری، فشاری خستووەتە سەر ئاسۆی خواست. لەسەر ئەم بنەمایە، پێشبینی دەکرێت خواستی جیهانیی نەوت لە سێ مانگی دووەمی ساڵدا ڕۆژانە ٢.٤ ملیۆن بەرمیل کەم بکات؛ ئەمە لە کاتێکدایە پێش دەستپێکی جەنگ، ئەو ژمارەیە بە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل مەزەندە کرابوو. ئەم دامەزراوەیە جەختی کردەوە نرخە بەرزەکان، خراپتربوونی دۆخی ئابووری و ڕێکارەکانی دەستپێوەگرتن، لە داهاتووشدا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بەکاربردنی جیهانیی نەوت دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ڕۆژئاوای کابول ٢٥ کوژراو و ٢٧ برینداری لێکەوتەوە

سەڵاح

وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵێكی كەناڵی (یەكی عێراقی) بە درۆ دەخاتەوە

سەڵاح

بەیاننامەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

سەڵاح