zagros news agency

لە ئامەد کۆنفرانسێک بۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید پیران بەڕێوەچوو

ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە  ٢٨، ٢٩یی ٦ـی ٢٠٢٦، لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت بە مەبەستی یادکردنەوەی (١٠١)ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید پیران و هاوڕێکانی بەڕێوەچوو، تێیدا د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا کرد.

کۆنفرانسەکە لە کۆشکی مێژوویی ئیسکەندەر پاشا لە ناوچەی سووری ئامەد، لەلایەن کۆمیسیۆنی دەستپێشخەریی کۆنفرانسی یەکێتیی نەتەوەیی باکووری کوردستان (پێل‌کورد، پارتی سۆسیالیستی کوردستان-PSK، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان-PWK، بزووتنەوەی ڤەژین و چەندین کەسایەتیی سەربەخۆ) ڕێکخرابوو.

سەرەتای کۆنفرانسەکە، لەلایەن عەلی ئۆنجوەوە بەڕێوە دەبرا، بە پێشکەشکردنی سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێ کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، د. سالار عوسمان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە گەنجان لێکۆڵینەوە لەو مێژووانە بکەن و ئەم بابەتە ئەکادیمیانە بخەنە نێو توێژینەوە زانستییەکانیان، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە بەردەوام سوود و عیبرەت لەو مێژووانەی خۆمان وەربگرین، کە شانازییەکی مەزنی نەتەوەییە.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا، هەریەک لە توێژەر و نووسەر سەعید ڤەرۆژ، مەحموود فەوزی فورات نەوەی شێخ سەعیدی پیران، و نووسەر ئەی. ناسر سۆنمەز وتاریان پێشکەش کرد. لە ڕێگەی بابەتەکانیانەوە، بە وردی تیشکیان خستە سەر ژیان و سەرکردایەتیکردنی شێخ سەعیدی پیران بۆ شۆڕشی کورد، ڕووداوەکانی پێش و کاتی شۆڕشەکە، ڕۆڵی ئەو کەسایەتییانەی پێشەنگایەتییان کرد، هەروەها دۆخی ناوچەکە دوای سەرکوتکردنی شۆڕشەکە و قۆناغی دادگاییکردنیان لە (دادگای سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات) و پرسی لەسێدارەدانەکەیان.

لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا، مەحموود فەوزی فورات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران، لە وتارەکەیدا داوای کرد وەک نیشانەیەک بۆ دڵسۆزی لە قۆناغی ئێستادا، شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی ئاشکرا بکرێن.

لە ڕۆژی دواتردا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ـی ٦ـی ٢٠٢٦، لە شاری ئامەد، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدبوونی شێخ سەعیدی پیران و هاوەڵەکانی، ژمارەیەک چالاکی لە بارەگای کۆمەڵەی شێخ سەعید و پانێڵێکی فراوان بەڕێوەچوو .

ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە هۆڵی کۆنفرانسی (تاهیر ئەڵچی) لە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، پانێڵێکی بەرفراوان بۆ (یادکردنەوەی شێخ سەعیدی پیران هاوەڵەکانی لە کوردستان) ساز کرا.

پانێڵەکە لەلایەن ئازاد زاڵەوە بەڕێوە برا، د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، گولجان کاچماز سایگیت هاوتەبێژی دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتی، چیغدەم کڵچگون ئوچار هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (DBP)، عەبدولقادر گولەچ سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، لەگەڵ محەممەد قاسم فورات سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعیدی پیران، وەک پانێڵیست بەشدار بوون و بابەتەکانیان پێشکەش کرد.

لە میانی بەڕێوەچوونی پانێڵەکەدا، د. سالار عوسمان لە وتەیەکدا بە وردی تیشکی خستە سەر، قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و مێژووی پڕ لە قوربانیدانی نەتەوەی کورد، بەتایبەتی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران وەک وێستگەیەکی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی ئینکار و لەناوبردن. ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە و سڕکردن لە ڕابردوودا، ئیرادەی بەرخۆدان و تێکۆشان لە ناخی تاکی کورددا نەک هەر نەکوژاوەتەوە، بەڵکو بووەتە هەوێنی بەردەوامیدان بە خەبات و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی.

لە کۆتایی پەیڤەکانیدا، بە ئومێدەوە باسی لە قۆناغی داهاتوو کرد و، ئاماژەی بەوە کرد هەرێمی کوردستان دەستکەوی هەموو کوردانە و پێویستە بە هەموومانەوە بیپارێزین، هەمیشە سەرۆک بارزانی لە ڕێنوینییەکانی جەخت لە یەکڕیزی هەموو کوردان دەکات و جەخت لە پاراستنی ئەزموونەکەمان دەکاتەوە. هەروەها پێویستە خەباتی نەتەوەییمان بە دیدێکی هاوچەرخ و یەکڕیزانەوە، بەرەو بەدیهێنانی مافە ڕەواکان و دەستەبەرکردنی ئازادی و دیموکراسی ئاراستە بکرێت.

هەر لە درێژەی بڕگەکانی کۆنفرانسەکە چەند هۆزانێک خوێندرانەوە و لەلایەن میوانان و ئامدەبوانەوە گفتوگۆیەکی چڕ کرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

یازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی ئامەد دەستیپێکرد

ART

بە 100 ملیۆن دۆلار بەشی نوێی “Rush Hour” بەرهەم دێت

ART

ئاسۆیەکی نوێ بۆ زنجیرە فیلمی “The Matrix”هەیە

ART