ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا ڕۆژەکەیان بە کوپێک قاوە دەستپێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی وزە، بەڵام کەمیان دەزانن کە ئەم خواردنەوە ڕۆژانەیە سوودێکی تەندروستی گەورەی تێدایە. قاوە لە تەنها هۆشیارکەرەوەیەک تێپەڕیوە و بووەتە تەوەری چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی کە ڕۆڵی لە خۆپاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەسەلمێنن.
بەپێی نوێترین توێژینەوە جیهانییەکان، ئەمانە 7 سوودی سەلمێنراوی زانستی قاوەکەتن:
یەکەم: پاراستنی مێشک لە بیرچوونەوە و تێکچوونی مەعریفی
توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد دەریخستووە کە خواردنەوەی 3 کوپ قاوە (یان 2 کوپ چای) لە رۆژێکدا، مەترسی تووشبوون بە بیرچوونەوە بە رێژەی 18% کەم دەکاتەوە و تێکچوونی مەعریفی خاو دەکاتەوە. هەروەها بەستراوەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسی نەخۆشی پارکینسۆن و یارمەتی تووشبووان دەدات لە باشترکردنی کۆنترۆڵی جووڵەدا. توێژینەوەی تر دەریانخستووە قاوەی ئێسپرێسۆ مەترسی ئەلزهایمەر کەم دەکاتەوە.
دووەم: بەرزکردنەوەی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان
خواردنەوەی مامناوەندی قاوە (1 بۆ 2 کوپ لە رۆژێکدا) مەترسی سستبوونی دڵ کەم دەکاتەوە. توێژینەوەکان دەریانخستووە خواردنەوەی 2 بۆ 3 کوپ لە رۆژێکدا مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و شەکرەی جۆری دووەم کەم دەکاتەوە. لە توێژینەوەیەکی تردا دەرکەوتووە ئەوانەی بە رێژەی مامناوەند قاوە دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک بە رێژەی 21% و مەترسی گیانلەدەستدانیان بە رێژەی 17% کەمترە. بەڵام خواردنەوەی زیاتر لە 4 کوپ لە رۆژێکدا ڕەنگە پەستانی خوێن و لێدانی دڵ بەرز بکاتەوە، کاتەکەشی گرنگە؛ خواردنەوەی پێش نانی نیوەڕۆ باشترە لەوەی بە درێژایی رۆژ بخورێتەوە.
سێیەم: کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم
قاوە توانای جەستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گلوکۆز بەرز دەکاتەوە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە قاوەخۆرەکان ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە کەمترە، هەروەها گۆڕینی خواردنەوە شیرینەکان بە قاوە یان چای دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی تووشبووانی شەکرە.
چوارەم: پاراستنی جگەر و کەمکردنەوەی مەترسی تێکچوون و شێرپەنجەکەی
چ قاوەی ئاسایی بێت یان بێ کافاین، جگەر دەپارێزێت. توێژینەوەیەک بەستنەوەیەک دەبینێت لە نێوان 1 بۆ 2 کوپ قاوە لە رۆژێکدا لەگەڵ کەمبوونەوەی مەترسی بەڕیشاڵبوونی جگەر (تلیف الکبد) بە رێژەی 20% و شێرپەنجەی جگەر بە رێژەی 24%. بەرزترین سوودیش لە کاتی خواردنەوەی 3 بۆ 4 کوپدا دەردەکەوێت. بەڵام توێژەران ئامۆژگاری ئەوە ناکەن تەنها بۆ پاراستنی جگەر دەست بە قاوەخواردن بکرێت، بەڵکو جەخت لەسەر کێشی تەندروست، وەرزش و کۆنترۆڵکردنی شەکرە و پەستان دەکەنەوە. هەروەها هۆشداری دراوە کە زیادکردنی شەکر بۆ قاوە زیان بە جگەر دەگەیەنێت.
پێنجەم: خۆپاراستن لە چەندین جۆری شێرپەنجە
قاوە تەنها بۆ جگەر نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسی شێرپەنجەی کۆڵۆن، ڕیخۆڵە ڕاستە، منداڵدان، سەر و مل. پێداچوونەوەیەکی زانستی دەریخستووە کە بەکاربردنی بەرزی قاوە مەترسی شێرپەنجە بە گشتی بە رێژەی 18% کەم دەکاتەوە. توێژینەوەیەکی ئیتاڵیش دەڵێت خواردنەوەی تەنانەت تا 5 کوپ لە رۆژێکدا مەترسی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە و مردن بەو هۆیەوە کەم دەکاتەوە. بەڵام خواردنەوەی قاوەی زۆر داغ مەترسی شێرپەنجەی سوورێژە زیاد دەکات.
شەشەم: باشترکردنی تەندروستی دەروونی
قاوە ڕۆحیش شاد دەکات؛ توێژینەوەکان خواردنەوەی قاوەیان بەستووەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسی خەمۆکی بە رێژەی 20%، هەروەها خواردنەوەی 4 کوپ یان زیاتر لە رۆژێکدا مەترسی خۆکوشتن بە رێژەی 53% کەم دەکاتەوە.
حەوتەم: درێژکردنەوەی تەمەن
لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەم هەموو سوودانە، سەیر نییە کە توێژەران دەڵێن قاوەخۆرەکان تەمەنیان درێژتر دەبێت. توێژینەوەیەک چاودێری زیاتر لە 400 هەزار کەسی کردووە لە ماوەی 12 بۆ 13 ساڵدا، و دەرکەوتووە خواردنەوەی قاوە مەترسی گیانلەدەستدان کەم دەکاتەوە، گەورەترین سوودیش لەوانەدا بینراوە کە رۆژانە 4 بۆ 5 کوپ دەخۆنەوە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

