zagros news agency

ئەمریکا داواکاریی تاڵیبانی بۆ وەبەرهێنان لە ئەفغانستاندا ڕەت کردەوە

 

ئەمریکا داواکاریی حکوومەتی تاڵیبانی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لە ئەفغانستاندا ڕەت کردەوە و گوتی هیچ بەرنامەیەکی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەم گرووپە لە بواری دەرهێنان و پەرەپێدانی سەرچاوە کانزاییە گرنگەکانی ئەم وڵاتەدا نییە.

ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوەی تاڵیبان، پێشوازیی لە وەبەرهێنانی ئەمریکا لە کەرتی کانزاکان، ژێرخان، کشتوکاڵ و بازرگانیدا کردبوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دەنگی ئەمریکای گوت گرووپی تاڵیبان هێشتا لە لایەن ئەمریکاوە وەک “گرووپێکی تیرۆریستیی جیهانی” دەناسرێت. ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە زیادی کرد وەبەرهێنانی پێشبینیکراوی ئەمریکا لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، ڕەنگە ببێتە هۆی توندترکردنەوەی سەرکوتی هاووڵاتییانی ئەفغانستان. بە گوتەی ناوبراو، ئەم جۆرە وەبەرهێنانە پارە دەخاتە بەردەستی تاڵیبان و دەتوانێت یارمەتیدەری ڕەفتاری “سامناک”ـی ئەم گرووپە لەگەڵ خەڵکی ئەفغانستاندا بێت.

موتەقی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “فاینەنشاڵ تایمز”دا گوتی نابێت پێوەندییەکانی ئەفغانستان و ئەمریکا لە ڕوانگەی 20 ساڵ شەڕی ڕابردووەوە سەیر بکرێن، بەڵکوو دەبێت سەرنج بخرێتە سەر هاوکارییەکانی داهاتوو.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبانیش ڕۆژی چوارشەممە 11ی خەرمانان (2ی ئەیلوول) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ئەم گرووپە خوازیاری پێوەندیی باشە لەگەڵ هەموو وڵاتاندا، لەوانە پێوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری لەگەڵ ئەمریکادا. ناوبراو گوتیشی دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ واشنتندا لە بەرژەوەندیی هەردوو لادا دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند هەڵوێستی واشنتن بەرانبەر تاڵیبان نەگۆڕاوە و ئەمریکا هێشتا ئەم گرووپە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی جیهانی دەزانێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتریش بە “ئەفغانستان ئینتەرناشناڵ”ـی گوتبوو ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ تاڵیباندا بەستراوەتەوە بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە هەڵسوکەوتی ئەم گرووپە لە بواری مافی مرۆڤدا.

بە پێی لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوەکان، بەهای سەرچاوە کانزاییەکانی ئەفغانستان بە لانی کەم یەک تریلیۆن دۆلار مەزەندە کراوە. لیتیۆم، کۆباڵت و نیۆبیۆم لە گرنگترین ماددە کانزاییەکانی ئەم وڵاتە دادەنرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆكی حكوومەت و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا باسیان له‌ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتێكی گونجاودا كرد

سەڵاح

تورکیا: ١٩ ئەندامی پەکەکەمان کوشت

یاسین

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستىییەوە

سەڵاح