ئاژانسی هەواڵی “رۆیتەرز” بڵاویکردەوە کە حەوت وڵاتی ناو هاوپەیمانی “ئۆپێک پڵەس” (OPEC+) بڕیاریانداوە پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی خۆیان بە بڕی ١٨٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکەن، کە ئەم بڕیارەش لە مانگی ئابی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار به رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە گرووپەکە پێش کۆبوونەوەی فەرمیی خۆیان، بە شێوازێکی سەرەتایی لەسەر ئەم زیادکردنە ڕێککەوتوون، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوپەیمانێتییەکەدا دێت بۆ بەڕێوەبردنی ئاستی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا دێن کە سیاسەتی پێشووی هاوپەیمانێتییەکە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، ڕووبەڕووی تێبینی و ناڕەزایەتی بووەتەوە لە لایەن بەغداوە. وەزارەتی نەوتی عێراق و ناوەندە پێوەندیدارەکان داوا دەکەن پێداچوونەوە بە بنمیچی دیاریکراوی بەرهەمهێناندا بکرێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی وڵاتەکە و پێویستییە ئابوورییەکانی بۆ دابینکردنی بودجەی گشتی بگونجێت.
پێشتر سەرچاوە حکومییەکان ئاشکرایان کردبوو کە عێراق لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە بژاردە تەکنیکییەکان دەکات بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوتی خۆی هاوتەریب لەگەڵ تواناکانیدا، ئەمەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو پاشەکشەیەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە قەبارەی هەناردە و داهاتە نەوتییەکانیدا ڕوویدابوو.

